٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هیچ بڕیارێک نەدراوە، وەزیرە کوردەکان نەچنەوە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دوو سەرچاوەی جیاوە ئەو هەواڵانە ڕەت کرانەوە کە گوایە، سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان و لە لایەکی دیکەیشەوە سەرۆکایەتیی هەرێم بڕیاریان دابێت وەزیرە كوردەكان نەگەڕێنەوە بەغدا و بەشداریی هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نەكەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ بە ناوی چەند سەرچاوەیەکەوە لە چەند دەستگایەکی ڕاگەیاندنەوە وەها بڵاو کراوەتەوە کە، نەناردنەوەی وەزیرە کوردەکان بۆ بەغدا، یەكەم كاردانەوەیە لەسەر هەڕەشەكانی ئەمڕۆی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق(نووری مالیكی)، دەربارەی ئەو هەڕەشانەی ئەمڕۆ لە کوردی کردن.

KDP.info لە سەرچاوەیەکەوە زانی کە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەها بڕیارێکی نەداوە و رایگەیاند: "لێدوانە بێبنەماکانی (مالیکی) کە دەیەوێت شکستەکانی خۆی بە هێرشە ناڕەواکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بشارێتەوە, ڕەنگە وەڵامی سەركردایەتیی كورد بە دوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام هێشتا بڕیارێک لەم ڕووەوە نەدراوە."

هاوکات سەرچاوەیەکیش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بە KDP.info–ی ڕاگەیاند، سەرۆکایەتیی هەرێم ئاگاداری وەها بڕیارێک کە نەچوونەوەی وەزیرە کوردەکانە بۆ بەغدا نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغدا (نووری مالیكی) وتاری هەفتانەی خۆی پێشكەش كرد كە تایبەت بوو بە دۆخی قەیراناویی عێراق و، جەختی كردەوە كە لە شەڕی داعشدا "دۆست و دوژمنە" نێوخۆیی و دەرەكییەكانییان ناسیون و هەڕەشەیشی لە هەرێمی كوردستان كرد و گوتی "ناتوانین بێدەنگ بین هەولێر ببێتە شوێنی تیرۆریستان، چونكە ئەوانە خۆیان دەدۆڕێن و ئەوانەشی میواندارییان دەكەن هەر دەدۆڕێن". گوتیشی "ناوەستین تاوەكو هەموو ئەو شوێنانە نەگرینەوە، كە لەژێر دەستمان دەرهێنراون".

 

سەرکەوت حەسەن

هەواڵی پەیوەندیدار