مه‌سروور بارزانی: كوردستان له ده ساڵی رابردوودا بارمته‌ی حكوومه‌ت و سیسته‌مێكی فاشیل بووه

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان(مه‌سروور بارزانی) لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامه‌ی "ڤی جی"-ی نۆ‌روێژی، دۆخی ئێستای عێراق و مەرسییەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرێمی کوردستان، خستووەتە بەر باسەوە. (مه‌سروور بارزانی) بێگومانە لەوەی کە، كوردستان له ده ساڵی رابردوودا بارمته‌ی حكوومه‌ت و سیسته‌مێكی فاشیل له عێراق بووه، په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئێستایش پێویستی به به‌رنامه‌ی نوێ هه‌یه، چونكه ئه‌مڕۆ ئه‌و عێراقه نوێیه هه‌مان ئه‌و خاكه نییه، كه پێش 9ی حوزه‌یران هه‌بوو. باوەڕیشی وایە کە، ئێستا عێراق له هه‌ر كاتێك زیاتر دابه‌ش بووه، بۆیه سووربوون له‌سه‌ر هه‌مان ستراكتوری سیاسی ته‌نیا ناسه‌قامگیری و فه‌وزای نوێتر به‌رهه‌م ده‌هێنێ.
دەقی دیمانەکە:
•ئایا زانیاریتان ده‌رباره‌ی چه‌كدارانی بیانی له‌ناو داعش هه‌یه، كه له عێراق شه‌ڕ ده‌كه‌ن له نه‌رویژه‌وه هاتبن یا له‌باره‌ی چه‌كدارانی بیانیه‌وه كه له وڵاتانی سكه‌ندناڤیا وه‌كو سوێد و دانیماركه‌وه هاتبن؟
(مه‌سروور بارزانی): چه‌كدارانی بیانی له‌ناو داعشدا هه‌ن، سه‌ره‌تا بۆ شه‌ڕكردن هاتنه سووریا، ئێستاش زۆربه‌یان هاتوونه‌ته عێراق. ده‌رباره‌ی بوونی هاووڵاتیانی نۆ‌روێژی له‌ناو داعشدا زانیاری دیاریكراومان نییه، چونكه زۆربه‌یان ناسنامه‌ی خۆیان گۆڕیوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاماژه هه‌یه، كه هه‌ندێكیان له وڵاتانی سكه‌ندناڤیاوه هاتوون.
•ئایا زانیاری یا مه‌زه‌نده‌یه‌كتان له‌باره‌ی ژماره‌ی پیاوانی نۆ‌روێژی هه‌یه، كه له‌ناو داعش له عێراق شه‌ڕ ده‌كه‌ن؟ ئایا چه‌كداری مێینه‌یان تێدایه؟
(مه‌سروور بارزانی): زه‌حمه‌ته مه‌زه‌نده‌ی ژماره‌ی ئه‌وانه بكه‌یت، كه ئێستا له عێراقدان، به‌ڵام زانیارییه‌كانمان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه سه‌دان چه‌كداری بیانی په‌یوه‌ندییان به داعشه‌وه كردووه و به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له ئه‌ورووپاوه هاتوون. راپۆرته‌كانی به‌م دواییه، كه له لایه‌ن گرووپه‌كه بڵاو كراونه‌ته‌وه راسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه له ئاساییشی پایته‌ختی وڵاتانی ئه‌ورووپا ده‌كات.
•هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌و دۆخه مەترسییەی ئه‌مڕۆ له عێراق ده‌یبینین، چییه؟
(مه‌سروور بارزانی): ژماره‌یه‌ك هۆكار بوونه‌ته‌وه هۆی دروستبوونی ئه‌و بارودۆخه شێواو و بێسه‌روبه‌ره له عێراقدا. یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كان پابه‌ندنه‌بوونی حكوومه‌ته به ده‌ستوور و رێككه‌وتنه‌كانی هاوبه‌شی له ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه و به‌رده‌وامی فه‌رامۆشكردنی لایه‌نه سیاسییه‌كان و چڕبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات له ده‌ستی یه‌ك كه‌س سه‌ره‌نجام حكوومه‌تێكی تاییفی لێكه‌وته‌وه.
له راستیدا عێراق ده‌وڵه‌تێكی فاشیله، گه‌نده‌ڵی، فه‌وزا و نه‌بوونی پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان، بوونی ملیۆنان ئاواره له ناوه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات له سه‌رووی مه‌زه‌نده‌یه. به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق له‌بری بانگه‌شه‌كردن بۆ یه‌كگرتوویی و كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ و چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكوڕییه‌كان، ده‌رگای خۆبه‌خشینی بۆ شه‌ڕكردن دژی داعش كرده‌وه، له ئه‌نجامدا ملیشیای نوێ دروست بوون و له شه‌قامه‌كانی به‌غدا ده‌سوڕێنه‌وه. ئه‌مه‌ش سه‌روه‌ریی یاسای لاواز كرد و بووه هۆی خوێنڕشتن و بێسه‌روبه‌ری زیاتر. ئه‌مه ئه‌و عێراقه نییه، كه ئێمه له ساڵی 2003دا رازیبووین به‌وه‌ی ببینه به‌شێكی.
•ئایا ئێوه پێشبینی ئه‌وه‌تان ده‌كرد داعش به‌و خێراییه له عێراق پێشڕه‌وی ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی گرووپه‌كه كردی؟
(مه‌سروور بارزانی): ئێمه چه‌ند مانگێك پێشتر حكوومه‌تی عێراقمان له‌باره‌ی تێكچوونی بارودۆخ له‌ناو موسڵ و ده‌وروبه‌ری و چالاكیه‌كانی داعش له ناوچه‌كه‌دا ئاگادار كرده‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه گوێی له هۆشداری و ئاگاداركردنه‌كانمان نه‌گرت، شۆك و داڕووخان و ته‌سلیمبوونی سوپای عێراق رۆڵێكی گه‌وره‌یان بینی له پێشڕه‌ویی خێرای داعشدا.
•داعش تا چه‌ند هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاساییشی كوردستان هه‌یه؟
(مه‌سروور بارزانی): گرینگه جه‌خت له‌وه بكه‌ینه‌وه، كه داعش ته‌نیا هه‌ڕه‌شه نییه بۆ سه‌ر كوردستان، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به نۆ‌روێژه‌وه‌ش. داعش سوپا و پاره و تۆڕێكی هه‌یه بۆ هه‌ژاندنی پایته‌خته‌كانی ئه‌ورووپا، به ته‌ئكید سه‌ركه‌وتنی داعش له عێراق كاریگه‌ری له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات. ئه‌مڕۆ به‌هۆی بێتوانایی سوپا و هێزه‌كانی ئاساییشی عێراق، سنوورێكی هاوبه‌شمان به درێژایی 1000 كیلۆمه‌تر له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكی تیرۆستی هه‌یه، كه تێكدانی ئه‌نجام داوه. جێگیركردنی پێشمه‌رگه‌ش بۆ پاراستنی سنووره‌كان و به‌رگریكردنه له كوردستاندا.
•له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ فرانس 24 دا باست له‌وه كرد، كه كوردستان ده‌وڵه‌تێكی دیفاكتۆیه، ئایا ده‌كرێ به كورتی ئه‌وه‌مان بۆ روون بكه‌نه‌وه، كه كوردستان له چیدا له عێراق جودایه؟
(مه‌سروور بارزانی): كوردستان دورگه‌یه‌كی سه‌قامگیره له‌ناو ده‌ریایه‌كی ناسه‌قامگیر و فه‌وزادا. ئێمه ئاساییشێكی به‌رچاومان بۆ هاووڵاتیانمان دابین كردووه، وێڕای ئاژاوه‌ی سوریا و ته‌قینه‌وه و هێرشی رۆژانه‌ی عێراق و ئێستایش بوونی ده‌وڵه‌تێكی نوێ، كه له لایه‌ن گرووپێكی تیرۆریستییه‌وه حكومڕان ده‌كرێ، ئه‌مانه هه‌مووی له‌سه‌ر سنووره‌كانماندان.
له رووی گه‌شه‌ی ئابوورییه‌وه له سه‌رووی عێراقین، وێڕای ئابڵۆقه‌ی دارایی، كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقییه‌وه به‌سه‌ر هه‌رێم و گه‌له‌كه‌ماندا سه‌پێندراوه، به‌ڵام به هه‌موو پێوه‌ره‌كان داهاتی هاووڵاتیان و ئاستی بژێوی له كوردستان له‌چاو عێراق به‌رزتره. عێراق یه‌كێكه له گه‌نده‌ڵترین و ناسه‌قامگیرترین وڵات، كوردستانیش باجی بوون به به‌شێك له عێراق ده‌دات.
ئێستا ئێمه دیموكراسیێكی گه‌شه‌سه‌ندوو پراكتیزه ده‌كه‌ین، له‌سه‌ر بنه‌مای لێكتێگه‌یشتن و لێبورده‌ییدا سه‌قامگیریی سیاسیمان هه‌یه، نه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و پاكتاوكردنی یه‌كتر. له‌وه‌ش گرینگتر ئێمه له داكۆكیكردن له كولتووری ده‌وڵه‌مه‌ندی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان، كه چه‌ندین سه‌ده‌یه هه‌یه، به‌رده‌وام ده‌بین. ئێمه له كوردستان چاومان له ئاینده‌یه‌كی پڕشنگدارتره.
•وه‌ك وڵاتێكی سه‌روه‌ر و سه‌ربه‌خۆ كوردستان كه‌ی ددانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی به ده‌ست ده‌هێنێ؟
(مه‌سروور بارزانی): ئومێده‌ورارم كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ ددان به كوردستاندا بنێ، ئه‌وكاته‌ی گه‌لی كورد بڕیاری له ریفراندۆمی نیشتمانی داهاتوو دا.
•ئایا، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی كوردستان ددانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی به ده‌ست هێنا، شه‌ڕكردنی دژی داعش ئاسانتر ده‌بێ؟
(مه‌سروور بارزانی): بێگومان، كوردستان له ده ساڵی رابردوودا بارمته‌ی حكوومه‌ت و سیسته‌مێكی فاشیل له عێراق بووه، په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئێستاش پێویستی به به‌رنامه‌ی نوێ هه‌یه، چونكه ئه‌مڕۆ ئه‌و عێراقه نوێیه هه‌مان ئه‌و خاكه نییه، كه پێش 9ی حوزه‌یران هه‌بوو. ئێستا عێراق له هه‌ر كاتێك زیاتر دابه‌ش بووه، بۆیه سووربوون له‌سه‌ر هه‌مان ستراكتوری سیاسی ته‌نها ناسه‌قامگیری و فه‌وزای نوێتر به‌رهه‌م ده‌هێنێ.
پێویسته سه‌ركرده‌كانی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دان به‌وه‌دا بنێن، كه ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی پاش 2003 بۆ دامه‌زراندنی عێراقێكی فیدراڵ و هاوبه‌ش هه‌بوو، فه‌شه‌لی هێناوه. له‌راستیدا ئه‌م وڵاته له‌وه‌ته‌ی به نوێ دامه‌زراوه سه‌قامگیری به‌خۆوه نه‌بینیووه.
كوردستان پابه‌ند نییه شه‌ڕی گرووپێكی تیرۆریستی نێوده‌وڵه‌تی بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی كۆتایی درێژه‌دان بێ به واقیعحاڵی عێراق. هه‌روه‌ها ناتوانرێ به بێ پشتیوانییه‌كی پراكتیكی داوا له ئێمه بكرێ شه‌ڕی گرووپێك بكه‌ین، كه به چه‌كی وێرانكه‌ر چه‌كداره (له لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به عێراق درابوو.)




