بارزانی، ئەمڕۆ ناوی کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار ڕادەگەیەنێت.. لایەنە کوردستانییەکان مالیکی ڕەت دەکەنەوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژ پێشووی هاوپەیمانیی کوردستانی، ڕایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوودا، ناوی کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ڕادەگەیەنێت.
(موئەییەد تەییب) بە KDP.info–ی ڕاگەیاند، "سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان(فازڵ میرانی) جەختی کردووەتەوە کە، حیزبە سیاسییە کوردییەکان، (سەرۆک بارزانی)-یان ئازاد کردووە ناوی کاندیدێک ڕابگەیەنێت کە نوێنەرایەتیی هەمووان دەکات"، گوتیشی "لە 24 سەعاتی داهاتوودا ناوی کاندیدێک ڕادەگەیەنێت."
دەربارەی بەشداریی کورد لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا، (تەییب) ڕوونی کردەوە "حیزبە سیاسییە کوردییەکان، (سەرۆک بارزانی)-یان ئازاد کردووە لە یەکهەڵوێستیی کورد و کۆی لایەنەکانیش بڕیاریان داوە، بەشداریی لە حکوومەتێکدا نەکەن (نووری مالیکی) سەرۆکوەزیرانی بێت."
جەختیشی کردەوە "گرەوی (مالیکی) لە هاوپەیمانیی بەستن لەگەڵ لایەنی کورد، هەروەک هەوڵەکانی دیکەی دەوڵەتی یاسا شکستی برد، ئەم ڕاگەیاندنەیش پەیامێک دەبێت بۆ لایەنەکانی دی کە کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بپێی ڕینماییەکان ئامادەیە و، (مالیکی)-یش دەبێ بگۆڕدرێت."




