دیاریکردنی نرخی بەنزین کاتییە و گۆڕانی بەسەردا دێت

ھەولێر-تایبەت بەKDP.INFO- ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بڕیارە لەم ھەفتەیەدا رێنمایی نوێی دابەشکردنی بەنزین بەسەر ھاووڵاتیاندا جێبەجێ بکرێت و ماوەی دوو ھەفتەیش پەرلەمان چاودێری دەکات.
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان (بەیار تاھیر دۆسکی) بە KDP.INFOی راگەیاند: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دیراسەیەکی باشی قەیرانی سووتەمەنییان کردووە و گەیشتوونەتە ئەوەی کە چارەسەریەکی مامناوەند بۆ ئەو قەیرانە بدۆزنەوە کە ئەویش بەنزینی حکوومی و بازرگانی نەمێنێت و یەک بخرێت و نرخی ھەرلترێکی بەنزین بکرێتە 800دینار، چونکە ئەوەی بازرگانی نرخەکەی زۆر بوو کە ھەزار و250دینار بوو."
(بەیار تاھیر دۆسکی) روونیشی کردەوە، حکوومەت ئامادەکاریی تەواوی کردووە و بڕیاریشە لەم ھەفتەیەدا رێنمایی نوێ جێبەجی بکرێت و نرخی لترێک بەنزین بە 800دینار بە ھاووڵاتیان دەفرۆشێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەشی دا، "ئێمە وەکو پەرلەمان ماوەی دوو ھەفتە چاودێریی بارودۆخەکە دەکەین و ئەگەر قەیرانەکە چارەسەر نەبوو، دووبارە ھەوڵی چارەسەرێکی دیکە دەدەین، لەو بڕوایەدام کە بەم رێنماییانە قەیرانەکە تارادەیەک چارەسەر بکرێت."
ھاوکات راشیگەیاند: "ئەم چارەیە بۆ قەیرانی ئێستایە کە ماوەیەکە دروست بووە و ھەوڵ دەدرێت لە داھاتوودا نرخی بەنزین کەمتر بکرێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




