وەزیری کارەبا: 5 هەزار دۆلارمان نییە 100 مێگاوات کارەبای مووسڵی پێ بگێڕینەوە

هەولێر-KDP.info- وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی کارەبا بۆ گێڕانەوەی ئەو 100 مێگاواتەی کە دراوە بە پارێزگای نەینەوا، تا بیگێڕنەوە و بیدەن بە ناوچە کوردییەکان، پێویستی بە 5 هەزار دۆلار هەیە کارەکەی پێ جێبەجێ بکات، بەڵام ئەو بڕەپارەیەی نییە.
وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان(د.سەڵاحەددین بابەکر) پرسی خشتەی کارەبا و کەمبوونەوەی بڕی پێویستی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، گوتی، هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی بڕی کارەبا کە دەبوایە 22 سەعات لە شەو و ڕۆژێکدا هەبوایە، گوتی "لەم مانگی 7-ەدا زۆرترین خواست لەسەر کارەبا هەیە، بە هۆی گەرماوە بەرهەمهێنانی بڕی پێویست لە وێستگەکان کەم بووەتەوە و لە کۆی وێستگەکانی هەرێم بڕی زیاتر لە 700 مێگاوات کارەبا کەمی کردووە و هەرئەوەیشە کە ل زستان جیاوازترە."
پار حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی گرێبەستێک بڕی 100 مێگاوات کارەبای ددەدا بە پارێزگای مووسڵ و وەک وەزیری کارەبایش دەڵێ بۆ کەناڵەکانی ئاو دەبرا، لە هەوڵدان ئەو 100 مێگاواتە بۆ ناوچە کوردییەکانی پارێزگای مووسڵ بگێڕنەوە، بەڵام (د.سەڵاحەددین بابەکر) دەڵێت، "وەزارەتی کارەبا بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە پێویستی بە بڕی 5 هەزار دۆلار هەیە، کەچی لە توانای وەزارەتەکەیدا نییە، ئەو بڕە دابین بکات چونکە نییەتی."
وەزیری کارەبا بۆ بەرنامەی ڕووداوی ئەمڕۆی تەلەڤزیۆنی ڕووداو کە ئەم شەو پەخش کرا، گوتیشی، بە شێوەیەکی گشتی و لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بری دانی کارەبا بە هاووڵاتیان لە شەو و ڕۆژێکدا 18 سەعاتە.
ئەو دەڵێت، بەراورد بە پار و لەم وەرزەدا بڕی پێدانی کارەبا کەم بووەتەوە، بەڵام هۆکارێکی دیکەیشی ئەوەیە کە، خواست بەراورد بە پار زیادی کردووە، بەڵام وەبەرهێنان وەک خۆیەتی و پڕۆژەی دیکە جێەبجێ نەکراون.
گوتیشی بەرنامەیان هەیە، کارەبای کارگەکان بە تایبەت چیمەنتۆ و ئاسن لەو بڕەی کە پێیان دراوە، کەم بکرێتەوە و کاریان بخەنە کاتێک کە کەمترین خواست ەل لایەن هاوولاتیانەوە لەسەر کارەبا هەبێ.
دەربارەی ئەو بڕەکارەبایەی کە لە تورکیایشەوە بۆ دهۆک دەهێنرا، حکوومەتی هەرێم بودجەی پێویست دیاری بکات تا جارێکی دی ئەو بڕە بگێڕیتەوە.




