٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بازرگانی و بەنزینی حكوومی نامێنێت.. نرخی هەر لیترێكی بەنزین دەبێتە 800 دینار

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان نرخی بەنزین یەك دەخات و  بە پێی ڕێکخستنەکەیش، بە شێوەیەكی گشتی لیترێك بەنزین دەبێتە 800 دینار.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان(ئاشتی هەورامی) بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، "لەمەودوا بەنزینی بازرگانی و بەنزینی حكوومی نامێنێت و نرخی هەر لیترێكی بەنزین دەبێتە 800 دینار.

 (ئاشتی هەورامی) گوتی "بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە هەر ئۆتۆمبێلێك كۆبۆنێكی پێ دەدرێت و تەنها كارتی زانیاری و (سەنەوی "ساڵانە)-ی ئۆتۆمبێلیش دەكرێتە مەرجی وەرگرتنی كۆبۆن".

سەبارەت بە مەرجەكانی سەر بەنزینخانەكانیش بۆ هاوردەكردنی بەنزین لە دەرەوە، وەزیری سامانە سرووشتییەكان گوتی "بەرزیی كوالێتی تاكە مەرجی هاوردەكردنی بەنزین دەبێت لە دەرەوە".

وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان(ئاشتی هەورامی)، کە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی قەیرانی سووتەمەنییەوە، بەتایبەتی بەنزین روونكردنەوەی دا. ئەو پلانی وەزارەتەكەی بۆ نەهێشتنی ئەو قەیرانە ئاشكرا كرد.

(هەورامی) دامەزراندنی پێنج پاڵاوتەی لە باشووری كوردستان بۆ ئەو مەبەستە راگەیاند و گوتی كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت پاڵاوتەیەكی بچووكی داناوە، كە ئێستا لە قۆناخی دیراسەكردنیدان بۆ پەسەندكردنی.

(ئاشتی هەورامی) گوتیشی، ئەگەر بەكارخستنی ئەو پاڵاوتەیە پەسەند بكرێ، رۆژانە ملیۆنێك و 500 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و، "ئومێدم وایە پەسەند بكرێ".

وەزیری سامانە سرووشتییەكان راشیگەیاند، كە پاڵاوتەیەكی دیكەیش دادەمەزرێت، كە نۆ مانگ دەخایەنێت و ئەویش توانای بەرهەمهێنانی ملیۆنێك و 250 هەزار لیتر بەنزینی هەیە.

هەر پێوەست بە پلانی وەزارەتەكەی کە بۆ زیادكردنی بەرهەمی بەنزین دایناوە،(هەورامی) رایگەیاند، قۆناخی سێیەمی پاڵاوتەی بازیان لە دوو ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت، كە ئەویش رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی ملیۆنێك و 500 هەزار لیتر بەنزینی هەیە.

هاوکات وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە پلانیدایە پاڵاوتەیەك لە گەرمیان دابمەزرێنێت، كە ئەویش بەنزین و "موشتەقات"-ەكانی دیكەی نەوت بەرهەم دەهێنێت.

هەروەها پلان هەیە بۆ دامەزراندنی پاڵاوتەیەكی گەورە لە دهۆك، كە تەواوبوونی نزیكەی 2-3 ساڵی پێدەچێ و لەو پاڵاوتەیەیش بەهەمانشێوە رێژەیەكی زۆری بەنزین بەرهەم دەهێنرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار