میرانی: ڕێچارەی سیاسی بۆ قەیرانی عێراق، باشترینە

هەولێر-KDP.info- سكرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(فازل میرانی) بە پێویستی دەبینێت کە، ڕێڕەوێکی نوێ بۆ چارەکرنی قەیرانی ئێستای عێراق و پرۆسەی سیاسی بدۆزرێتەوە و، باوەڕیشی وایە، باشترین و تاكە شێوازیش، رێچارەی سیاسییە بە بەشداریی کۆی لایەنە سیاسییەکان.
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەڵاحەددین، سكرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(فازل میرانی)، پێشوازی لە کۆنسووڵی گشتیی رۆمانیا لە هەولێر(میهاتیائێنی) كرد.
(میرانی) بۆ کۆنسووڵی ڕۆمانیای ڕوون کردەوە کە، بارودۆخی سیاسی و ئەو قەیرانە ئەمنییەی كە عێراق دووچارە بووە كە لە ئەنجامی پێگیری نەكردنە بە دەستوور و حكومكردنی تاكڕۆیانە و بێ بەشداریكردنی لایەنەكانی تر، سەرەڕای ئەوەی كە چەندین جار (سەرۆك بارزانی)، سەرۆكوەزیران و بەغدای ئاگادار كراوەتەوە لە مەترسیی ئەم كارە، بەڵام پشتگوێ خراوە و ئێستا پێویستە رێرەوی پرۆسەی سیاسی دروست بكرێت و باشترین شێواز و تاكە ڕێگایش، رێگای سیاسییە بە بەشداری هەموو لایەنێك.
(میرانی) دووپاتی كردەوە كە گەلی كورد چەندین ساڵە لە پێناو ئازادی و چەسپاندنی سیستەمێكی دیموكراسیدا لە عێراق دەكۆشێ كە هەموو پێكهاتەكان تێیدا بەشدار بن و هیچ پێكهاتەیەك پەراوێز نەخرێت.
لای خۆیەوە كۆنسووڵی گشتیی رۆمانیا، پیرۆزبایی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) نیشان دا و ستاییشی سەركردایەتیی كوردی كرد بۆ مامەلەكردنی ژیرانە لەگەڵ ئەم بارودۆخە و ستاییشی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و رۆڵی بەرز نرخاندن بۆ پاراستنی ئاساییش و سەروماڵی خەڵك.
هەروەها سوپاسی ڕۆڵی سەركردایەتیی كورد و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی کرد لە بەهاناوەچوونی ئاوارەكان كە لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و هاوکارییان دەکات.




