پەرلەمان: دەبێ ڕێ لە بازرگانیکردن بە بەشەبەنزینی هاووڵاتیان بگیرێت

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكاندا ڕایگەیاند، پێویستە بە یەك تیم كار بكەن بۆ بەدواداچوونی ورد و كۆكردنەوەی زانیاری و داتای پێویست بۆ قەیرانی سووتەمەنی و هاوكار بن لەوەی هەرێمی كوردستان لەو جۆرە قەیرانانە دەربچێت. جەختیش کرایەوە، کە دەبێ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بە رێنماییەكانیدا بچێتەوە و دەستنیشانی ئەو كەسانەیش بكرێ كە لە بارودۆخی وەهادا بازرگانی بە بەشی هاووڵاتیانەوە دەكەن، بۆ ئەوەی بدرێنە دادگە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دكتۆر (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) ئەمڕۆ دووشەممە 7/7/2014 سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی لە پەرلەمان كرد و پرسی قەیرانی سووتەمەنی و ئەو گرفتانەی كە ئەمڕۆ بە هۆیەوە هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەی پێك هێنا.
دكتۆر (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) وێڕای خستنەڕووی بایەخی كاری لیژنەكە و پەیوەندیی راستەوخۆیان بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان و دابینكردنی خزمەتگوزارییە گرینگەكان لە سووتەمەنی و كارەبا، داوای لێ كردن بە یەك تیم كار بكەن بۆ بەدواداچوونی ورد و كۆكردنەوەی زانیاری و داتای پێویست بۆ ئەوەی بە وردی دەستنیشانی كەموكورتییەكان بكرێ و هاوكار بن لەوەی هەرێمی كوردستان لەو جۆرە قەیرانانە دەربچێت.
دواتر هەر یەك لە سەرۆك و ئەندامانی لیژنە بیروبۆچوونەكانیان لەبارەی ئالییەت و میكانیزمی چۆنیەتیی چارەكردنی قەیرانەكان و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان بە تایبەت لە رووی دابینكردنی بەنزین شیی كردەوە كە پێویستە هەموو ئۆتۆمبێلێك بەشەبەنزینی بۆ دیاری بكرێت و دەبێ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بە رێنماییەكانیدا بچێتەوە و دەستنیشانی ئەو كەسانەیش بكرێ كە لە بارودۆخی وەهادا بازرگانی بە بەشی هاووڵاتیانەوە دەكەن، بۆ ئەوەی بدرێنە دادگە و لە كاتی دروستبوونی ئەو قەیرانەیشدا كۆنتڕۆڵی جۆری ئەكتیڤ بێ و ئەو بەنزینەی دەدرێتە هاووڵاتیان بەپێی ستاندارد بێ و كێشە و گرفت بۆ بزووێنەری ئۆتۆمبێل دروست نەكات.




