٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەسەر تۆپبارانەكەی خورماتوویە.. وەزارەتی پێشمەرگە هەڕەشە دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -kdp.info-دوای ئەوەی دوێنێ لە شارۆچكەی خورماتوو فڕۆكەكانی سوپای عێراق ماڵێكیان بۆردوومان كرد و بەم هۆیەیشەوە هاووڵاتییەك شەهید بوو و هەشتی دیكەیش بریندار بوون، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت: "پێویستە دەستبەجێ لێكۆڵینەوە لەم رووداوە بكرێت و ئەوانەی لە پشت ڕووداوەكەیشەوەن سزا بدرێن، بە پێچەوانەوە لە كاتی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانەدا، مافی بەرگریمان لە خۆمان دەبێت".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستا فەریق (جەبار یاوەر) لە راگەیەندراوێكدا كە كۆپییەكی دەست kdp.infoكەوتووە، دەڵێت: "لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا ئەمە دووەم جارە فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق تۆپبارانی هێزی پێشمەرگە و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە پێویستە ئەو كەسانەی لە پشت ئەو ڕووداوەن سزا بدرێن و ڕوونكردنەوەی پێویستیش بۆ رای گشتی بڵاو بكەنەوە، بە پێچەوانەوە لە كاتی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانەدا مافی بەرگریمان لە خۆمان دەبێت".

هەر لە راگەیەندراوەكەدا ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "پێشتریش لە ناوچەیەكی سەر بە ناحیەی جەلەولا، بنكەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە لایەن كۆپتەرێكی سوپای عێراقەوە بۆردوومان كراوە كە بوو بە هۆكاری برینداربوونی شەش پێشمەرگە، دەستبەجێیش داوا لە وەزارەتی بەرگریی عێراق كرا لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بكرێت و روونكردنەوەیەك لەو بارەیەوە بڵاو بكرێتەوە".

(یاوەر) زیاتر گوتی: "دوێنێش سەعات (5:50) خولەكی ئێوارە بۆ جارێكی تر فڕۆكەیەكی جەنگیی سوپای عێراق چەند خانوویەكی هاووڵاتیانی مەدەنییان لە ناوجەرگەی خورماتوو بۆردوومان كرد كە بەپێی زانیاریی سەرەتایی، بووەتە هۆی شەهیدبوونی كچێكی دوانزە ساڵان و بریندار بوونی هەشت هاووڵاتی و ڕووخانی دوو خانووی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی سڤیل".

ئەو ڕوونیشی كردەوە: "داوا لە دامودەستگە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق دەكەین، دەستبەجێ لێكۆڵینەوە لەم رووداوە بكەن و ئەوانەی لە پشت ئەم رووداوەن سزا بدرێن بە شێوەیەكی یاسایی و روونكردنەوەیەكیش لەو بارەیەوە بۆ رای گشتی بڵاو بكرێتەوە، بە پێچەوانەوە لە كاتی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە بە بێ هیچ لێپرسینەوەیەك، مافی بەرگریمان لە خۆمان دەبێت".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار