ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران له كێشه‌ى دارایى ده‌كۆڵێته‌وه

هەولێر-KDP.info- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى (نێچیرڤان بارزانى)-ی سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان دووه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى ساز دا و تێیدا، بودجه و كێشه‌ى دارایى و هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى و پلان و سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م بارودۆخه خرایە بەر باس.
له سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پوخته‌ى ڕ‌اپۆرتێكى فراوانى به‌شى زانیارى و لێكۆڵینه‌وه‌ى گۆڤارى ناودار "ئیكۆنۆمیست" كه پێگه‌یه‌كى دیارى باوه‌ڕپێكراو و كاریگه‌ری له جیهاندا هه‌یه، به ناوى "دیاریكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنى پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان"، خرایه ڕوو، كه تیایدا تیشك خراوه‌ته سه‌ر پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له ڕووى ژینگه‌ى سیاسى، سه‌قامگیریى سیاسى و ئاسایش، به‌رزیى ئاستى ژیان، په‌ره‌پێدانى مرۆیى، ئابوورى، بازرگانى، وه‌به‌رهێنان و چه‌ندین بوارى دیكه‌ى ژیانه‌وه.
به‌پێى پێوه‌ره‌كانى ئه‌و ڕاپۆرته له زۆربه‌ى بواره‌كاندا هه‌رێمى كوردستان له پێشه‌وه‌ى زۆرێك له وڵاتانى ناوچه‌كه‌دایه و له هه‌ندێ بوارى دیكه‌شدا له ئاستى وڵاته پێشكه‌وتووه‌كاندایه. ڕاپۆرته‌كه ڕوونى كردووه‌ته‌وه كه سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆته هۆى ڕاكێشانى سه‌رمایه و كۆمپانیا بیانییه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان و هانى داون بۆ ئه‌وه‌ى ڕوو بكه‌نه هه‌رێم و به‌شدارى له پرۆسه‌ى وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدانى هه‌رێمى كوردستان له بواره جیاكاندا بكه‌ن.
ئینجا به‌پێى به‌رنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه، به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى ڕ‌اپۆرتێكى ده‌رباره‌ى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان و كێشه‌ى دارایى و هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى و پلان و سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م بارودۆخه پێشكه‌ش كرد، كه خۆى له كۆمه‌ڵێك ڕیكارى جیا و ڕێكخستنه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كان و زیادكردنى داهاته‌كان به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه ده‌دۆزێته‌وه.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیران دووپاتى كرده‌وه كه، وێڕاى هه‌موو ڕێكاره‌كان، له پله‌ى یه‌كه‌مدا وه‌زاره‌تى دارایى پێویستى به چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌یه‌كى ته‌واو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به باشترین شێوه كاره‌كانى به‌ڕێوه ببات.




