ئەوقاف و یەكێتیی زانایان: داعش لە دەرەوەی بەها ئایینی و مرۆڤایەتییەكانە و مەترسیدارە

هەولێر-KDP.INFO- وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا داوا لە ماموستایانی ئایینی دەكات، خەڵكی هەرێمی كوردستان لە كردارە مەترسیدارەكانی چەكدارانی داعش ئاگادار بكەنەوە. دەشڵێن، ئەوەی داعش دەیکات، دوورە لە هەموو عورفێكی ئایینی و مرۆیی و چەندین كاری دوور لە بەها ئایینی و مرۆڤایەتییەكان بەرانبەر ەب هاووڵاتیان ئەنجام داوە.
ئەمەیش دەقی بەیاننامەكەیە:
بەیاننامەیەكی هاوبەش لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانەوە
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بە هۆی ئەو بارودۆخە ناهەمەوارەی كە لە ناوەڕاستی عێراق هاتووەتە كایەوە، رۆژانە دوور لە هەموو عورفێكی ئایینی و مرۆیی چەندین كاری دوور لە بەها ئایینی و مرۆڤایەتییەكان لە لایەن چەكدارانی داعشەوە لە هەمبەر هاووڵاتیانەوە ئەنجام دەدرێت و رێژەیەكی بەرچاویان لە خەڵك دووچاری ئازار و ئەشكەنجە كردووە، تا لە ئەنجامدا خەڵكێكی زۆر گیانی لە دەست داوە و هەروەها بەشێكی زۆر لە مزگەوتەكانیان كردووەتە پێگەی سەربازی و هێرشی بەردەوام دەكەنە سەر مزگەوت و حوسەینییە و مەزار و گۆڕی پیاوچاكان و كەنیسەی مەسیحییەكان و پەرستگەی ئێزدییەكان، ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێم و مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، نیگەرانیی خۆمان لەم هەڵسوكەوتە دوژمنكارانەیەی داعش و هەموو گرووپە هاوبیرەكانی دەردەبڕین و ئەم كردەوانە بە هۆكاری قووڵكردنەوەی شەڕی تاییفی و ناكۆكیی نێوان موسڵمانان دەزانین، بۆیە داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەكەین لە میانەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە و لە وتار و وەعزەكانیاندا تیشك بخەنە سەر مەترسییەكان و دەرەنجامی ئەم هەڵسوكەوتانە و خەڵكی كوردستان و بە تایبەتیش گەنجەكانمان لەم كردەوە نامرۆڤانە ئاگادار بكەنەوە و لە هەمان كاتدا سۆز و خۆشەویستیی زیاتر بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی كوردستان لە دڵی خەڵكی هەرێمی كوردستان (بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانەوە) بچێنن.
بڵند ئیبراهیم




