٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، پشتگیریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەموو بستێكی خاكی كوردستان پیرۆزە و دەبێ لە هەڕەشەی دوژمن و نەیاران بپارێزرێت. هاوکات ڕایدەگەیەنێت، هەر لەسەرەتای قەیرانی سووریاوە هەرێمی كوردستان پشتگیریی مافە ڕەواكانی گەلی كوردی كردووە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدا بوو بۆ یەكخستنی ڕیزەكانی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان. دووپاتیشی دەکاتەوە، "بە خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا ڕادەگەیێنین كە هەرچی پێویست بێ و لە دەستمان بێت ئامادەین لەپێناو پشتگیرییان بیكەین."

لە پەیامێکدا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان(د. ئومێد سەباح)، هاوکات ڕایدەگەیەنێت، "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەر و پێشهات و هەڕەشەیەك گەلی كورد پێویستیی بە یەكڕیزی هەیە و دووپاتی دەكەینەوە با هەموو كوردەكانی ڕۆژئاوا پێكەوە بن بە گشت لایەك پشتگیرییان دەكەین."

 

دەقی لێدوانی گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان

سەبارەت بە هەڕەشەكانی داعش و چەكدارە توندڕۆكان لە دژی خاك و خەڵكی ڕۆژئاوا و لێدوانەكانی موڕاد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە لەمبارەیەوە، هەڵوێستی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە ڕوون و ئاشكرا بووە و جەختی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان لەم بەشەی كوردستاندا كردووەتەوە. هەموو بستێكی خاكی كوردستان پیرۆزە و دەبێ لە هەڕەشەی دوژمن و نەیاران بپارێزرێت.

هەر لەسەرەتای قەیرانی سووریاوە هەرێمی كوردستان پشتگیریی مافە ڕەواكانی گەلی كوردی كردووە و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدا بوو بۆ یەكخستنی ڕیزەكانی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەر و پێشهات و هەڕەشەیەك گەلی كورد پێویستیی بە یەكڕیزی هەیە. دیسانەوە دووپاتی دەكەینەوە با هەموو كوردەكانی ڕۆژئاوا پێكەوە بن بە گشت لایەك پشتگیرییان دەكەین. بە دڵنییاییەوە تەنیا لە یەكڕیزی و برایەتیدا كورد بەهێزتر دەبێت و سەردەكەوێت. ئێستایش بە خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا ڕادەگەیێنین كە هەرچی پێویست بێ و لە دەستمان بێت ئامادەین لەپێناو پشتگیرییان بیكەین.

د. ئومێد سەباح

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

6ـی 7ـی 2014

هەواڵی پەیوەندیدار