پەرلەمانی کوردستان، یاسای خۆپێشاندانەکان هەموار دەکاتەوە
__2014_07_06_h17m20s26__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان(د.یووسف محەممەد سادق) ڕایگەیاند، لیژنەی یاسایییان ڕاسپاردووە، بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خۆپێشاندان و، بۆچوون و تێبینی و سەرنجی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییش بە هەند وەربگرێت. گوتیشی، ئامانج لە هەموارکردنەوەی یاسای خۆپێشاندانەکان، فراوانکردنی سنووری ئازادییەکانە لە هەرێمی کوردستان.
ئەم گوتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانەی پێشوازی دا بوو لە بەشێک لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە نیوەڕۆی ئەمرۆ 6ی تەممووز سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، بە مەبەستی گەیاندنی سەرنج و ڕەخنەکانیان سەبارەت بە بڕگەیەکی هەمواری یاسای خۆپێشاندانەکان.
لە دانیشتنێکدا کە سکرتێری پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئامادەی بوون، سەرۆکی پەرلەمان گوێبیستی ڕەخنە و پیشنیازی چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوو لەسەر بڕگەی (3) لە هەموارکردنەوەی یاسای خۆپێشاندان، نوێنەری چالاکوانانی مەدەنی پێیان وایە ئەم بڕگەیە لە جێبەجێکردندا سنوور بۆ ئازادییەکانی خۆپیشاندەران درووست دەکات، دەستخۆشیشیان لە هەمو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کرد کە دەیانەویت هەموارکردنەوەی یاسای خۆپێشاندان، یاسایەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو بێت.
لەبەرامبەر سەرنج و رەخنەکاندا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی"لیژنەی یاساییمان ڕاسپاردووە، بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خۆپێشاندان، بۆچوون و تێبینی و سەرنجی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە هەند وەربگرێت، چونکە ئامانج لە هەموارکردنەوەی یاسای خۆپێشاندانەکان، فراوانکردنی سنووری ئازادییەکانە لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دڵنییایی دایە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی یاسای خۆپێشاندانەکان بە شێوازێک هەموار دەکەینەوە، گونجاو بێت لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و خۆپێشاندان مٶڵەتی نەوێت، تەنها ئاگادارکردنەوە بێت و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکانیش گیانی خۆپیشاندەران بپارێن.




