٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی بۆ فڕاكسیۆنی پارتی: دەبێ قسەكانمان لەگەڵ سیاسەتی گشتیی پارتی و حكوومەتی هەرێم و پەرلەماندا یەك بگرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لە یەكەم كۆبوونەوەی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)ـدا، پێی راگەیاندین كە دەبێ قسەكانمان لەگەڵ سیاسەتی گشتیی پارتی و حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستاندا یەك بگرێتەوە و هەموو كار و چالاكییەكانمان لە چوارچێوەی یاساكانی پەرلەمان و دەستووردا بێت و میانڕەو بین

ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق (د. تارق گەردی)، بە  KDP.infoـی ڕاگەیاند: "جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە نووسینەگەی خۆی لە هەولێر پێشوازی لە سەرجەم ئەندامانی هەولێر و سلێمانی و كەركووك و مووسڵ و دهۆكی دەرچووی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و بۆ ماوەی دوو سەعات دانیشتین و گفتوگۆمان كرد".

گوتیشی: "(نێچیرڤان بارزانی) پێی راگەیاندین كە دەبێت قسەكانمان لەگەڵ سیاسەتی گشتیی پارتی و حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستاندا یەك بگرێتەوە و پێویستە هەوڵ بدەین بە گفتوگۆ و دانوستان لە یەكتری تێبگەین".

( گەردی) ڕوونیشی كردەوە: "(نێچیرڤان بارزانی) گرینگیی بەوە دا كە پێویستە ئێمە پەیوەندی لەگەڵ تاك بە تاكی كوتلە سیاسییەكان دروست بكەین بۆ ئەوەی بۆیان شی بكەینەوە كە ئێمەی كورد چاومان لە خاك و وڵاتی هیچ كەس و لایەنێك نییە، ئێمە میللەتێكی چەوساوەین و دەمانەوەێت پارێزگاری لە ئەزموونی خۆمان و فیدراڵییەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بكەین".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەیشی دا: "(نێچیرڤان بارزانی) جەختی كردووەتەوە كە هەموو كار و چالاكییەكانمان لە چوارچێوەی یاساكانی پەرلەمان و دەستووردا بێت و میانڕۆ بین، ئەگەر گفتوگۆیەكە لەسەر بابەتێكی پەیوەست بوو بە هەرێمی كوردستان، ئێمە داكۆكی جیددی لە بەرژەوەندیی تاك و كۆمەڵ و سیاسەت و پلانی ستراتیژی هەرێمی كوردستان بكەین".

گوتیشی: "بە شێوەیەكی گشتی (نێچیرڤان بارزانی) بەرچاوڕوونییەكی بۆ شی كردینەوە كە چۆن ئێمە وەكو ئەندامی پەرلەمان نوێنەری هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان لە زاخۆ تا خانەقین بین".

دكتۆر (تایق) دەشڵێت: "سەبارەت بە هەرسێ پۆستە سەرۆكایەتییەكەی عێراق، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گوتوویەتی: "ئێمە دەزانین كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ برایانی سوننەیە جا خۆیان كێیان پێ باش بوو ئاساییە، لەبارەی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانیشەوە ڕایگەیاند كە ئەم پۆستە بۆ شیعەیە كە زۆرتر قسە لەسەر (عادل عبدولمەهدی) دەكرێت، بەڵام باس لە (نووری مالیكی) نەكرا كە ئەو چانسەی هەبێت جارێكی تر پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران وەربگرێتەوە. سەبارەت بە پۆستی سەرۆككۆماری عێراقیش، ئەوە چانسی كوردە، بۆیە دەبێت كەسێكی شیاو بۆ ئەو پۆستە دیاری بكرێت."

(گەردی) ڕوونیشی دەكاتەوە: "(نێچیرڤان بارزانی) گوتوویەتی كە ئێمە ئەو شتانەمان یەكلا نەكردووەتەوە لەبەر ئەوەی  پێشبینی دەكەم ئەو بابەتە زیاتر بكێشێت و گفتوگۆ و دانوستانی زیاتری بوێت، هەر بۆیە باسی دانوستانی كرد كە تۆ باسی سەرۆككۆمار دەكەیت باسی دوو جێگرەكەیشی دەبێ بكەیت، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانیش بە هەمان شێوەن، یان لیژنەكانی ناو پەرلەمان كە ئەوانە هەموویان یەك پاكێجن و دەبێت بە گفتوگۆیەكی دوورودرێژ لەگەڵ كوتلە سیاسییەكانی عێراقدا یەكلا ببێتەوە."

هەواڵی پەیوەندیدار