سلێمانی.. دیاریكردنی پارێزگار نزیك دەبێتەوە و لایەنی یەكەم و دووەمیش هێشتا رێك نەكەوتووتن

گەرمیان-KDP.info- بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ماوەی دیاریكردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی نزیك دەبێتەوە و لایەنی یەكەم و دووەمیش تاكو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. دەشڵێت: "رۆڵی پارتی لە سلێمانی كاریگەر دەبێت ئەگەر ئەو دوو لایەنە نەگەنە رێككەوتن".
بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان (ئەكرەم ساڵح)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "لە ئێستادا وادەی دیاریكردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی نزیك بووەتەوە و لایەنی یەكەم و دووەمیش هێشتا رێك نەكەوتوون، رۆڵی پارتییش لە سلێمانی كاریگەر دەبێت ئەگەر ئەو دوو لایەنە نەگەنە رێككەوتن، چونكە پارتی دەنگ بەهەر لایەكیان بدات دەتوانێ ئەو لایەنە پارێزگار بۆ خۆی ببات، بڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەموو لایەنەكان پێیان باشە كە ئەو دوو لایەنە سەرەكییە بگەنە رێككەوتنێكی سیاسی و ئیداری لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ ئەوەی ناكۆكی لە سنووری پارێزگاكەدا نەبێت."
بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی ئەوەیشی خستە ڕوو: "پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت رۆڵێكی هاوسەنگ لە سلێمانی ببینێت و نایەوێت بابەتەكە بە لایەكدا یەكلا بكاتەوە لەسەر حسابی لایەنێكی دیكە، بەڵام رەنگە لە كۆتاییدا ئەگەر هەر چارە نەبێت ئەو كاتە پارتییش بڕیاری خۆی بدات".
لە ئەگەری بەشداریپێنەكردنی پارتی لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا، (ئەكرەم ساڵح) ئاماژەی دا: "ئۆپۆزسیۆنبوون هەڵدەبژێرین".
گوتیشی: "پارتی دیموكراتی كوردستان پێی باشە لە سلێمانی حكوومەتێكی خۆجێییی بنكەفراوان دروست ببێت كە هەموو لایەنەكان تێیدا بەشدار بن، بەڵام لایەنی یەكەم و دووەم تاكو ئێستا لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن و ماوەی دیاریكراویش بۆ دیاریكردنی پارێزگار نزیك دەبێتەوە".




