واشنتن.. شاندی هەرێمی كوردستان، لە دیدارگەلێکدا، هەڵوێستی هەرێمیان لەمەڕ پرسەكان خستە ڕوو

واشنتن-KDP.info- بە مەبەستی لە نزیكەوە خستنەڕووی دوائەگەر و پێشهاتەكانی رەوشی سیاسیی ئەمڕۆی عێراق و هەرێمی كوردستان و گۆڕینەوەی بیروڕا سەبارەت بە پرسە هەنوكەییەكان و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان (دكتۆر فوئاد حوسێن) و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(فەلاح مستەفا) لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە سێیەم رۆژی سەردانەكەیاندا چەند دیدار و كۆبوونەوەیەكی گرینگیان ئەنجام دا.
لەسەرەتای دیدارەكان شاندی هەرێم لەگەڵ سیناتۆر (ڕۆی بلۆنت) كۆ بوونەوە، لە دیدارەكەدا شاندی هەرێم جەختیان لەسەر بایەخی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كردەوە، هاوكات سوپاسیان كرد بۆ ئەم دەرفەت و دیدارە.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دواگۆڕانكاریەكانی دوای 9/6 ی مووسڵ و چەند پارێزگایەكی دیكە كرا كە ئەم بارودۆخە كۆمەڵێک گۆڕانكاری لە سیاسەتی ناوچەكە هێناوەتە ئاراوە بە تایبەت لە بوارەكانی سیاسی و ئاساییش و ئابووریدا.
شاندی هەرێمی كوردستان داوای هاوكارییان لە حكوومەتی ئەمەریكا كرد بۆ ئەوەی بتوانن رووبەروی تیرۆریستان ببنەوە و پارێزگاری لە ئاساییش و سەقامگیریی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكەن.
لە میانەی چاوپێكەوتنەكاندا، شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و ستافی پەیمانگای ئاشتی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا كۆ بوونەوە و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد لەسەر رەوشی هەنوكەیی هەرێمی كوردستان و عێراق.
هەمان رۆژ شاندی هەرێمی كوردستان لە واشنتۆن لەگەڵ باڵیۆزی توركیادا لە ئەمەریكا كۆ بوونەوە. وێرای پیرۆزبایی لە باڵیۆزی توركیا بەبۆنەی دەستبەكاربوونی، جەختیان لە بایەخی زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان كردەوە، هەروەها باس لە دواقەیرانەكانی عێراق كرا كە سەرەتا لە مووسڵ روویدا و دواتر چەند پارێزگایەكی دیكەی گرتەوە. بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بارودۆخ و قەیرانە و چۆنیەتیی رێگرتن لە تیرۆر و پاراستنی ئاساییشی ناوچەكە.
ئێوارەی هەمان رۆژ باڵیۆزی عێراق لە ئەمەریكا ئێوارەخوانێكی بۆ شاندی هەرێمی كوردستان رێك خست. لە دۆخێكی دۆستانەدا باس لە بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق و دواگۆرانكارییەكان كرا.
هەردوولا تەئكیدیان كردەوە كە دەبێ بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ قۆناخی ئەمڕۆی عێراق و داهاتووی ناوچەكەدا بكرێت.
لە درێژەی دیدار و كۆبوونەوەكان شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یاریدەدەری وەزیر بۆ كاروباری پەناهەندەكان(ئانا ریكەرد) كۆ بوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسی ئاوارەكانی ناوخۆیی و پەنابەرە سووریاییەكان كرا، جەختیشیان كردەوە كە بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردنی پەنابەران.
شاندی هەرێم تائكیدیان كردەوە كە رێژەی ئاوارەكان بە شێوەیەكی بەرچاو لە زیادبووندایە و لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا نەماوە هاوكاریی پێویستیان بۆ دابین بكات، بەتایبەت لەم باروودۆخەی ئێستا كە بوجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە نانێردرێت.
(ئانا ڕیكەرد)، پێیڕاگەیاندن كە هەوڵ دەدەن هاوكاری و كۆمەك لە رێگەی حكوومەتی ئەمەریكا و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دابین بكەین.
پاشان شاندی هەرێمی كوردستان كە بریتی بوو لە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم(د. فوئاد حوسێن) و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت(فەلاح مستەفا) لەگەڵ فەرماندەی پێشووی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق(ژەنەراڵ دەیڤد پاتریۆس) كۆ بوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا شاندی هەرێم پوختەیەكیان دەربارەی پرسە هەنووكەییەكانی عێراق و ناوچەكە و سیاسەتی چەوتی (مالیكی) و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لەمەڕ كەركووك و بارودۆخی ناوچەكە پێشكەش كرد.
هەروا باس لە گۆڕانكاریەكانی عێراق و دروستبوونی بۆشاییی ئەمنی لەلایەن سوپای عێراق و هاتنی تیرۆریستان كرا بۆ چەند پارێزگایەكی عێراق. شاندی هەرێمی كوردستان جەختیان كردەوە كە پێشمەرگە توانییان رێگە لە پێشڕەویكردنی تیرۆریستان بگرن و سەروماڵی هاووڵاتیانی كەركووك و بەشێكی مووسڵ بپارێزن كە جێگەی شانازی و دەستخۆشییە.




