شاندی هەرێم لە ئەمەریكا: پێویستە ئەمەریكا واقیعیانەتر بڕوانێتە بارودۆخی ئەم دواییەی عێراق

واشنتن-KDP.info- (فەلاح مستەفا) لە كۆبوونەوەیەكی كراوەدا لە ئەمەریکا، كە 170 شارەزا و پسپۆر لە بوارەكانی ئاساییشی نەتەوەیی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی میدیا و ناوەند و سەنتەرە هزرییەكان ئامادەی بوون، دۆخی كوردستان سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی خستە بەر باس و هاوکات جەختی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی ئەمەریكا بە شێوازێكی واقیعیانەتر بڕوانێتە بارودۆخی ئەم دواییەی عێراق.
بەمەبەستی دواپێووەچونەكانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و خستنەڕووی هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لەمەڕ پرس و رووداوەكان، پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیمینارێكی بۆ سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم(د. فوئاد حوسێن) و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت(فەلاح مستەفا) ساز كرد.
لە كۆبوونەوەیەكی كراوە كە 170 شارەزا و پسپۆر لە بوارەكانی ئاساییشی نەتەوەیی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی میدیا و ناوەند و سەنتەرە هزرییەكان ئامادەی بوون، (فەلاح مستەفا) سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان باسی لە سیاسەتی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم كرد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. هاوکات باسی لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخەكە كرد و هەموو ئەو ئەگەرانەی خستەڕوو كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەخوازێ بیانگرێتە بەر بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان.
شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كورتەیەكیان لەسەر چۆنیەتیی دروستبوونی ئەو بارودۆخە و پێشكەش كرد و هەڵوێستی هەرێمی كوردستانیان بۆ ئامادەبووان شیی كردەوە.
هاوكات باسیان لە مەترسییەكانی تەوژمی تیرۆر لە ناوچەكە كرد و رۆڵی پێشمەرگەیان بە گرینگ وەسف كرد لە پارێزگاریكردنی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیاندا.
لە كۆتاییدا چەندین پرسیار و سەرنج لەلایەن بەشداربووانەوە ئاراستەی شاندی هەرێمی كوردستان كران و ئەوانیش وەڵامی ئامادەبووانیان دایەوە.
هەمان رۆژ لە كۆبوونەوەیەكی داخراودا كە بۆ ژمارەیەك لە پسپۆر و شارەزا لە بارەی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە لەلایەن پەیمانگای برۆكین بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست ئامادە كرابوو، شاندی هەرێمی كوردستان بە تێروتەسەلی باسیان لە دواگۆرانكارییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كرد و تیشكیان خستە سەر هۆكار و ئاكام و دەرەنجامی رووداوەكانی ئەم دواییە كە بووە هۆی گۆرینی هاوكێشە و نەخشەی سیاسی و سەربازی لە عیراق و ناوچەكەدا.
باس لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و سەربازی كرا كە بووە هۆی ئەوەی تیرۆریستان مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست بكەن و پێشمەرگە بكەوێتە ئامادەباشی بۆ بەرگریكردن لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
شاندی هەرێم تەئكیدیان كردەوە كە كێشەی تیرۆر كێشەیەكی جیهانییە و سنووری چەندین وڵات دەبڕێت بۆ تێكدانی ئارامی و سەقامگیری. شاندی هەرێمی كوردستان هاوکات جەختیان كردەوە كە پێویستە حكوومەتی ئەمەریكا بە شێوازێكی واقیعیانەتر بڕوانێتە بارودۆخی ئەم دواییەی عێراق، كە هۆكارەكەشی بەهۆی سیاسەتی بەغداوە بوو كە لەماوەی دە ساڵی رابردوودا نەیتوانی مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ هەرێمی كوردستان و گەلانی عیراقدا بكات.




