٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی بۆ سەرۆک و پەرلەمان: هەنگاونانتان مێژوویی و بوێرانەیە

سەرچاوە: KDP.info
ڕاوێژکاري ئەنجوومەني ئاساييشي هەرێمي کوردستان(مەسروور بارزاني)

هەولێر-KDP.info-  ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان(مەسروور بارزانی)، وێڕای پشتگیری و پیرۆزبایی لە سەرۆک و پەرلەمانی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت "ئەم هەنگاوە مێژوویی و بوێرە، کە بێگومان زەوینەی لەبار دەرەخسێنێت بۆ ئەوەی گەلەکەمان بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات و بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی هەنگاو بنێت." هاوکات دەڵێت، "ئەم بارودۆخەی ئێستا لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە، هەڵگری مەترسیشە، بەڵام هەلێکی مێژووییشی رەخساندووە تاکو بگەین بە مافی ڕەوای خۆمان و وەکو هەموو گەلانی جیهان سەربەخۆ بین."

لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، کە دوێنێ بڵاوی کردووەتەوە، (مەسروور بارزانی) هاوکات نوسیویەتی "پێویستە وریا بین و لە بیرمان بێت کە ئەگەر بڕیاری بوێرانە نەدەین و مەترسییەکان پاشگەزمان بکەنەوە، ئەوا ئەم مەترسیانە نەک هەر ناڕەوێنەوە بەڵکو فراوانتر و بەهێزتر دەبن و توشی چارەنووسێکی نادیارمان دەکەن."

دەقی پەیامەکە:
"پشتگیری و پیرۆزباییم ئاراستەی بەرێز جەنابی سەرۆک و پەرلەمانی کوردستان دەکەم بۆ ئەم هەنگاوە مێژوویی و بوێرە، کە بێگومان زەمینەی لەبار دەرەخسێنێت بۆ ئەوەی گەلەکەمان بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات و بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی هەنگاو بنێت. پیرۆزبایی لە سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان دەکەم کە لە قۆناغێکی مێژوویی و چارەنووسساز نزیک بوونەتەوە، کە ئاواتی لە میژینەمان بووە و بە سەدان هەزار قوربانیمان بۆ گەیشتن بەم قۆناغە داوە.


ئەم بارودۆخەی ئێستا لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە، هەڵگری مەترسیشە، بەڵام هەلێکی مێژووییشی رەخساندووە تاکو بگەین بە مافی ڕەوای خۆمان و وەکو هەموو گەلانی جیهان سەربەخۆ بین. پێویستە وریا بین و لە بیرمان بێت کە ئەگەر بڕیاری بوێرانە نەدەین و مەترسییەکان پاشگەزمان بکەنەوە، ئەوا ئەم مەترسیانە نەک هەر ناڕەوێنەوە بەڵکو فراوانتر و بەهێزتر دەبن و توشی چارەنووسێکی نادیارمان دەکەن.


لێرەدا داوام لە هەموو خوشک و برایانمان لە گشت پێکهاتەکانی کوردستان ئەوەیە کە بەرژەوەندییە تەسکەکان وەلاوە بنێین و با هەموو پێکەوە بە هەستێکی بەرزی نیشتمانپەروەری، گشت تواناکانمان یەکخەین بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە.
داواکارم راگەیاندنکارە بەرێزەکانیش ڕۆلی کارای خۆیان ببینن و هەست بە بەرپرسیاریەتیی مێژوویی خۆیان بکەن بۆ خوڵقاندنی کەشێکی لەبار کە لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمان بێت.
هەموومان لە بەردەم بەرپرسیاریەتی و تاقیکردنەوەیەکی مێژووییداین و یەکهەڵوێستی و یەکریزی، ئایندەیەکی گەشمان بۆ دابین دەکات، با کەسمان بێبەش نەبین لەم سەربەرزییە و سەروەرییە مێژویی و نیشتیمانییە.
مەسروور بارزانی
3/7/2014"

هەواڵی پەیوەندیدار