٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕابوون مەعرووف: ئەو سیاسەتەی سەركردایەتیی هەرێم لەو ناوچانە جێبەجێی دەكات راست و دروستە.. ریفراندۆم بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-تایبەت بە KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەو ریفراندۆمەی بڕیارە ئەنجام بدرێت، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەبێت، بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن كە ئایا دەگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان یاخود نا.

 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان (رابوون مەعرووف)، بە kdp.infoـی راگەیاند: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا جەختی كردەوە كە پەرلەمان نەك هەر مەرجەعی باڵای هەموو گەلی كوردستان و بابەتە سیاسییەكانە، بەڵكوو مەرجەعی باڵای بەڕێزیشیانە كە ئەمەیش زۆر گرینگە و كارێكی باشە پەرلەمان بكەینە شوێنێك كە هەموو سەركردە سیاسییەكان بێن لە پەرلەمان بابەتە سیاسییەكان بگەیەنن، بۆیە ئەم سەردانە هەنگاوێكی باشە و گرینگە".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی كرد، پەیوەندی بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و نیەتی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستانەوە هەبوو كە لەم پرسە گرینگ و چارەنووسسازەدا، كۆدەنگی هەیە و ئەو سیاسەتەیش كە سەركردایەتیی هەرێم لەو ناوچانە جێبەجێی دەكات راست و دروستە.

(رابوون مەعرووف) گوتیشی: "لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد كە دۆستمان زۆرترە لە دوژمن و لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا دەرفەتی لەم جۆرەمان بۆ نەڕەخساوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان هاوكات ئاماژەیشی دا: "پێویستە دوو بابەت لەسەر ریفراندۆم تێكەڵ نەكرێن كە یەكێكیان ریفراندۆمە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و بابەتێكی دیكە كە زۆر باسی لێوە دەكرێت، ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوەی ئێستا كە بڕیارە بكرێت ریفراندۆمە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەروەی هەرێم كە ئایا بگەڕێنەوە بۆ سەر هەرێم یاخود نا".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار