پەرلەمانی كوردستان وادەیەك بۆ ریفراندۆم دیاری دەكات

هەولێر -تایبەت بە KDP.info- پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو داواكاریی سەرەكی ئاراستەی پەرلەمان كرد، ئەوانیش پەسەندكردنی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامدانی ریفراندۆم. گوتیشی، "وتارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گرینگە و پشتگیریی لێ دەكەین".
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی (سۆران عومەر)، بە kdp.infoـی راگەیاند: "گوتارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر گرینگ بوو و باسی لە سەرەتای رووداوەكانی مووسڵ كرد كە پێش شەش مانگ زانیویانە گرووپە چەكدارەكان هاتوون زیندانیانی گرتووخانەی بادۆش ئازاد بكەن و (مالیكی) و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام (مالیكی) پێی گوتوون ئاگاتان لە كوردستان بێت ئێمە ئاگامان لە عێراقە و پێش چوار رۆژ لە ڕووداوەكان ئامادەیی پێشمەرگە بۆ هاوكاریكردنی سوپای عێراق پێشان دراوە، بەڵام دیسان بەغدا رەتی كردووەتەوە".
(سۆران عومەر) گوتیشی: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لەوەیش كرد كە سیاسەتەكانی (نووری مالیكی) هۆكاری ئەو دۆخەیە و هێزی پێشمەرگەیش بە هیچ شێوەیەك و لە ژێر گوشار و هەڕەشەیەكدا ناكشێتەوە و ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە بە هێز و پەلاماردان پێشمەرگە لەو ناوچانە دەر بكات، هەڵە دەكات".
پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی زیاتر گوتی: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو داواكاریی فەرمی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرد كە یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان پەسند بكات و پەلە لە ئەنجامدانی ریفراندۆمیشدا بكەین، چونكە وەك ئەو گوتی یەك قۆناخ بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 ماوە كە ئەویش راپرسییە".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە دانانی وادە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بۆ پەرلەمان بە جێ هێڵدرا و سەرۆكی هەرێمیش داوای كرد پەلە لە ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمەدا بكرێت.
(سۆران عومەر) ڕوونیشی كردەوە: "وتارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گرینگە و پشتگیریی لێ دەكەین".
بڵند ئیبراهیم




