داوای دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی دەکەن.. لە بەردەم پەرلەمان گردبوونەوەیان ساز دا

هەولێر -تایبەت بە KDP.info- ژمارەیەكی زۆری خەڵكی دەڤەری قەزای ئامێدیی سەر بە پارێزگای دهۆك، گردبوونەوەیەكیان لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان ساز دا و تێیدا داوای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانیان كرد.
لەم بارەیەوە پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان (نازم هەركی)، تایبەت بە kdp.infoرایگەیاند: "ئێمە پێشوازیمان لەو خەڵكە كرد كە لە پێكهاتە جیاوازەكان پێك هاتبوو و یادداشتێكیان ئاراستەی ئێمە كرد و تێیدا داوای دەوڵەتی كوردی دەكەن و ئێمەیش بەڵێنمان پێ دان كە داواكارییەكەیان بگەینینە سەرۆكایەتیی پەرلەمان".
(هەركی) گوتیشی: "دوو پڕۆژەیاسا بۆ دانانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان ئامادە كراون و تاوەكو ئەو دەستەیەیش هەڵنەبژێردرێت، كارێكی ئاسان نابێت بۆ ریفراندۆم، بەڵام بڕیارە لە ماوەیەكی كەمدا ئەو دەستەیە هەڵبژێردرێت و بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم ئامادە بێت".
ئەمەیش لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و بڕیاریشە لە پەرلەمان گوتارێك پێشكەش بكات.
بڵند ئیبراهیم




