٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوتارە ھەڕەشەئامێزەکەی (مالیکی) بەھایەکی نییە…ڕیفراندۆم مافێکی دەستوورییە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-تایبەت بەKDP.info-  (د.محەممەد بازیانی) دەڵێت، "گوتارە ھەڕەشەئامێزەکەی (مالیکی) بەھایەکی نییە و تەنیا بۆ بەرزکردنەوەی ورەی لەشکەرەکی خۆیەتی، ئەگەر نا دەوڵەتێک نەماوە بە ناوی عێراق و پارچە پارچە بووە." (موئەییەد تەییب)-یش جەخت دەکاتەوە، دەستوور دەڵێت، ئەگەر یەکپارچەیی عێراق نەپارێزرا، ھەر نەتەوەیەک مافی ھەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات. دەشڵێت "لەئێستادا عێراقی یەکگرتوو نەماوە و ھەرێمی کوردستانیش مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات."

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق(نووری مالیکی) لە گوتاری ھەفتانەی خۆیدا، باس لەوە دەکات ماددەی 140ماوە و ماددەیەکی دەستوورییە و تاوەکو ئێستا کۆتایی پێ نەھاتووە و پێویستە بەپێی دەستوور جێبەجێ بکرێت. دەشڵێت، ھەرێمی کوردستان مافی ریفراندۆمی نییە، چونکە مافی چارەنووس لە دەستووردا نییە، لەبەرامبەردا گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بەپێی دەستوور ماددەی 140جێبەجێ کراوە و ھەرێمی کوردستانیش لەبەر ئەوەی عێراق بە یەکگرتوویی نەماوە، مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات."

گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق(موئەییەد تەییب)، بە kdp.infoی راگەیاند: "چوونی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بۆ خاکی خۆیان بووە، بەڵام ئێمە چاوەڕوان بووین بەپێی ماددەی 140-ی دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت، بەڵام دیارە بەغدا نیەتی جێبەجێکردنی ئەو ماددەیەی نییە، بۆیە مافی ئێمەیە دەستوور جێبەجێ بکەین و پێویستی بە حکوومەتی ناوەند نییە."

(تەییب) گوتیشی: "ئەوەی ھەرێمی کوردستان باسی لێ دەکات ماددەی 140جێبەجێ کراوە و ئێستا پێویستی بە جێبەجێکردن نییە و ھیچ سەرپێچییەکی دەستووری نییە و ئەوەی (مالیکی) دەیڵێت راست نییە، بەڵکو ھەرێم دەستووری جێبەجێ کردووە، چونکە ئەگەر نیەتی جێبەجێکردنیان ھەبوایە، بۆ 10ساڵە جێبەجێیان نەدەکرد."

ئەوەشی روون کردەوە، "پێویست بوو لە ماوەی شەش مانگدا ماددەی 140 جێبەجێ کرابوایە، بەڵام 10ساڵ تێپەڕی و هێشتا جێبەجێ نەکراوە، بۆیە مافی ھەرێمی کوردستانە لە ئێستادا ئەو ماددەیە جێبەجێ بکات."

سەبارەت بە ریفراندۆمیش (تەییب) گوتی، "ئەو ریفراندۆمەی بڕیارە ئەنجام بدرێت، مافێکی ڕەوای گەلی کوردە و لەژێر سەرپەرشتیی نێودەوڵەتیدا ئەنجام دەدرێت و حکوومەتی عێراقیش دەتوانێ بەشداری بکات."

ئەو گوتیشی: "بەپێی دەستوور پێویستە یەکپارچەیی عێراق بپارێزرێت و ئەگەر نەپارێزرا ئەو کات ھەر نەتەوەیەک مافی ھەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، بۆیە لەئێستادا عێراقی یەکگرتوو نەماوە و ھەرێمی کوردستانیش مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، ئەوەش لە رێگەی خەڵکی خۆیەوە، بۆیە نە دژی دەستوورە و نە دژی ئەو مافانەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان داویەتە ھەموو نەتەوەکان."

لای خۆشیەوە بەرپرسی سەنتەری ھودا بۆ لێکۆڵێنەوەی ستراتیژی(د.محەممەد بازیانی) بەKDP.INFOی راگەیاند: "ئەو گوتارە ھەڕەشەئامێزەی (نووری مالیکی) ھیچ بەھایەکی نییە و تەنیا بۆ بەرزکردنەوەی ورەی لەشکەرەکی خۆیەتی، ئەگەر نا دەوڵەتێک نەماوە بە ناوی عێراق و پارچە پارچە بووە."

( بازیانی) گوتیشی: "سوپای عێراق نەماوە و جارێکی دیکەیش سوننەکان رازی نابن شیعە حوکمیان بکات. سوننەکانیش ڕازین ھەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، نەک (مالیکی) حوکمیان بکات."

بڵند ئیبراھیم

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار