مه‌سروور بارزانی: كوردستان ده‌وڵه‌تێكی دیفاكتۆی سه‌ربه‌خۆیه.. وڵاتێكی دیموكراسی، لێبورده و خۆشگوزه‌ران داده‌مه‌زرێنین

هەولێر-KDP.info- راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان(مه‌سروور بارزانی) ڕایگەیاند، "كوردستان ئێستا ده‌وڵه‌تێكی دیفاكتۆی سه‌ربه‌خۆیه.. كاتیشی هاتووه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانی له مافه‌كانی گه‌لی كوردستان بكات." دڵنیاییشی دا کە ئەگەرچی ئه‌م وڵاته له باكگراوندی جیاواز پێكهاتووه، به‌ڵام هه‌موو به ئازادی له كوردستان ده‌ژین و "ئێمه وڵاتێكی دیموكراسی و لێبورده و خۆشگوزه‌ران داده‌مه‌زرێنین."
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان(مه‌سروور بارزانی) هاوکات ڕایگەیاند، ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆ دروست بووه ئه‌نجامی شكستی ستراكتۆری سیاسییه له عێراق و ناوچه‌كه‌دا. زیاتر گوتی "ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌یری عێراق خۆی بكه‌ین، ده‌بینین ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی سوننه دژی سیاسه‌ته‌كانی به‌غدان، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موویان سه‌ر به داعش بن و لاگیری لێ بكه‌ن. ئه‌وان ده‌رفه‌ته‌كه‌یان بۆ گوزارشتكردن له خۆیان قۆسته‌وه و داعش‌یش یاری به بارودۆخه‌كه ده‌كات."
له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ په‌یامنێری ته‌له‌ڤزیۆنی فرانس 24، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان(مه‌سروور بارزانی) له چوارچێوه‌ی پرسیاره‌كانی پهیامنێرهكهدا ڕۆشنایی خسته سه‌ر دواپه‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه و عێراق به تایبه‌تی و ئاماژه‌ی به ئه‌وله‌ویه‌تی ئێستای هه‌رێمی كوردستان دا، كه پاراستنی كوردستان و سنوورهكهیهتی و گوتی: "ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌كیی ئێمه پاراستنی كوردستان و سنوورهكهیهتی، هه‌ر بڕیارێكی دیكه پێویست به‌وه ده‌كات له ئاستی سیاسی‌دا گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێ." له‌باره‌ی كێشه‌كانی عێراق و رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه "ئێمه به ته‌نیا وه‌ك كێشه‌یه‌كی ئه‌منی و سه‌ربازی سه‌یری كێشه‌ی عێراق ناكه‌ین، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی سیاسییشه."
له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ پاراستنی گه‌لی كوردستان له هێرش و مه‌ترسییه‌كان، (مه‌سروور بارزانی)گوتی: "ئێستا پێشمه‌رگه بۆ پاراستن له سنووره‌كان جێگیر كراون و توانا و ئیمكاناتی ته‌واومان هه‌یه بۆ پاراستنی سنووره‌كان. هه‌رچه‌نده تا ئێستا له چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا پێكدادان روویداوه، به‌ڵام پێشمه‌رگه توانیویه‌تی ئاساییشی ناوچه‌كه بپارێزێ و بارودۆخهكەیش كۆنترۆڵ بكات."
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا باسی له پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام ناسراو به داعش كرد و گوتی: "ئه‌وان نیازیان دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌تری ئیسلامی و جیهانی ئیسلامییە. ژماره‌یه‌ك گرووپی جودا په‌یوه‌ندییان پێوه‌ی كردووه و زۆر گرووپیش له ده‌ره‌وه‌ڕا په‌یوه‌ندییان پێوه‌ی كردووه. رێكخراوه‌كه سه‌رنجی جیهادییه‌كانی له سه‌رانسه‌ری جیهان بۆخۆی راكێشاوه" و گوتی: "به‌پێی زانیارییه‌كان زۆر هاووڵاتی له وڵاتانی ئه‌ورووپا چ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری جووت ره‌گه‌زنامه‌ن یا به ره‌گه‌ز ئه‌ورووپایین، په‌یوه‌ندییان به داعشه‌وه كردووه و ئێستا شه‌ڕ ده‌كه‌ن."
له‌باره‌ی ئاینده و هه‌نگاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان (مه‌سروور بارزانی) گوتی: "كوردستان ئێستا ده‌وڵه‌تێكی دیفاكتۆی سه‌ربه‌خۆیه، راسته ئیعترافی یاسایی پێ نه‌كراوه، به‌ڵام هێزێكی رێكخراو و دامه‌زراوه‌ی هه‌یه بۆ به‌رگریكردن له خۆی و ئیراده و ویستیش هه‌یه بۆ ئه‌م هه‌نگاوه، به گوێره‌ی په‌ره‌سه‌ندنی رووداوه‌كان بڕیاری پێویست ده‌دات، كه هه‌نگاوی داهاتووی كوردستان چ ده‌بێت."
له‌باره‌ی رۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تی بۆ دداننان به سه‌ربه‌خۆیی و كۆتاییهاتن به مه‌ینه‌تیه‌كانی گه‌لی كوردستان، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "من نازانم ئه‌وان چ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئومێده‌وارم له ئه‌رزی واقیع بگه‌ن و به شێوه‌یه‌كی جیاواز سه‌یری عێراق بكه‌ن و بڕیارێكی بوێر بده‌ن و له‌و راستییه تێ بگه‌ن، كه كوردستان ناتوانێ قبووڵ بكات له‌گه‌ڵ ملیشیاكان بژێت، كه ئه‌مرۆ وڵاتیان كۆنترۆڵ كردووه." هه‌روه‌ها گوتی: "باشترین رێگه‌ش ئه‌وه‌یه ریفراندۆم بكرێ و خه‌ڵك قسه‌ی خۆی بكات."
له‌باره‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش كه دێته دامه‌زراندن (مه‌سروور بارزانی) گوتی: "كوردستان به دۆستایه‌تی و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یی ناسراوه، خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته له باكگراوندی جیاواز پێكهاتووه، به‌ڵام هه‌موو به ئازادی له كوردستان ده‌ژین. ئێمه وڵاتێكی دیموكراسی و لێبورده و خۆشگوزه‌ران داده‌مه‌زرێنین."
له به‌شێكی دیكه‌دا داوای له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد كه كاتی هاتووه كار بكه‌ن بۆ كۆتاییهاتن به مه‌ینه‌تییه‌كانی گه‌لی كوردستان و پشتیوانیكردن له مافه‌كانی گه‌لی كورد.




