٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی پرسی دەوڵەتی كوردی بەیاسایی دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سكرتێری یەکیەتیی ئافرەتانی كوردستان (ڤیان سلێمان) ڕایدەگەیەنێت کە، ئەوەی كە جێگای خۆشحاڵییە بە هۆی  هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی سەرۆكی كوردستان، بە تایبەتی لە پرسی سەربەخۆییدا، دڵ و بڕوای ڕای گشتیی خەڵكی كوردستان لەگەڵ سەرۆكدایە و تا رادەیەكی زۆر یەكگرتوویی گوتاری سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان هاوكار و پشتگیریی هەوڵەكانی سەرۆكن و ئەم یەكگرتووییەی گوتاری كوردیش زامنی سەركەوتنی هەوڵ و هەنگاوەكانی سەرۆكە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سبەی پێنجەشەممە لە پەرلەمانی كوردستان ئامادە دەبێت و باس لە بارودۆخی ناوچە و عێراق و داهاتووی هەرێمی كوردستان دەكات، بە گوتەی سكرتێری یەکیەتیی ئافرەتانی كوردستان (ڤیان سلێمان)-یش، (سەرۆك بارزانی) لە پەرلەمان لە هەوڵی بەیاساییكردنی واقیعە نوێكەی ئێستای كوردستاندایە. سكرتێری یەکیەتیی ئافرەتان تایبەت بە kdp.infoرایگەیاند كە "سەردانەكەی جەنابی سەرۆك بۆ پەرلەمانی كوردستان، بۆ گشتگیركردنی ئەو ڕایەیە كە سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە سەربەخۆییدا بەرجەستەی كردووە، چوونی سەرۆك بۆ پەرلەمان بۆ بەیاساییكردنی ئەو خەونانەیە كە لە دیتی هەر تاكێكی كورد سەرچاوە دەگرێ‌، هەروەها بەرجەستەكردنی پرنسیپەكانی دیموكراسییە لە گەڕانەوە بۆ ڕای جەماوەر كە پەرلەمانی كوردستان، نوێنەری سەرجەم پێكهاتە و تاكەكانی ئەم هەرێمەیە و بۆ ئەوەی دەرفەت برەخسێت بۆ پەرلەمانتاران،  نوێنەرانی راستەقینەی جەماوەر بریاری یەكلاكەرەوە بدەن لە پرسە چارەنووسسازەكان كە ئەمەش نموونەیەكی سەلمێنراوی پرۆسەی دیموكراسی و پەرلەمانییە لە هەرێمی كوردستاندا، دیارە بە پێی راگەیاندنی فراكسیونی پارتی  لە پەرلەمانی كوردستان جەنابی سەرۆك داوا لە پەرلەمان دەكات بە زووترین كات یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و بڕیاری راپرسی دەر بكرێن."

بە ڕای دكتورە (ڤیان سلێمان) چوونی (سەرۆك بارزانی) بۆ پەرلەمان و داواكردن لە پەرلەمان بۆ ئەوەی بڕیاری ریفراندۆم دەربكات، بۆ ئەوەیە گەلی كورد خۆی بریار لە چارەنووسی خۆی بدات و سەرپشك بێت لەوەی كە پێی باشە لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە، یان سەربەخۆیی دەوێت، یان چ جۆرە سیستەمێك هەڵدەبژێرێت.

زیاتر گوتی "گومانیشی تێدانییە كە هەر تاكێكی كورد پێی خۆشە و ئەمە خەون و ئاواتی لە مێژینەیەتی بۆ ئەوەی لەو پرسیارە بێ‌ وەڵامە رزگاری بێت كە، بۆچی تا ئێستا نەبووینەتەوە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆی خۆمان.؟"

بە گوتەی سكرتێری یەکیەتیی ئافرەتانی كوردستان "بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ كوردستان لە هەوڵە مێژووییەكانی جەنابی سەرۆكە و بەدیهێنانی ئەم ئاواتە لە كاتێكدا لای خەڵكی تر خەون بووە، لای جەنابی سەرۆك ئامانج بووە و هەوڵی زۆر و بەردەوامی بۆ داوە  و شتێك نییە كە بە تەنها دەرهاویشتەی پاش ئەم ڕووداوانە بێت، بەڵكو ئەمە پرۆسەیەكی ستراتیژیە كە سەرۆك ماوەیەكی زۆرە زەوینەسازی  پێویستی بۆ ئەنجام داوە لە رێگای پەیوەندیكردنی لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییە بریاربەدەستەكان."

دوكتورە (ڤیان) نایشارێتەوە كە "خۆشەبەختانە ئێستا هەموو سەركردایەتیی سیاسیی كورد لەسەر ئەم رایە كۆكن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش چەندین وڵات هاتوونەتە سەر ڕایەكەی جەنابی سەرۆك، كە ئێمە ناچار نین لە عێراقێكی پڕ لە قەیران و توندوتیژیدا بژین، ئەوەی پێویستە لەسەر هەر تاكێكی كورد ئەوەیە كە، پشتگیریی ئەم هەنگاوەی سەرۆك بن بۆ سەركەوتن لەم ئەركە قورس و مێژوویی و ئەم ئامانجە پیرۆزە و وەك سەردەمی شۆڕشە یەك لە دوا یەكەكانی بە هەمان هەست و سۆز و ئیرادەی پۆڵایین بەرگەی قەیرانەكان بگرن و ئامادەی بەرگیری لە وڵاتەكەمان بین بە هەموو شێوازەكان."

ئاماژەیشی دا، "ئەوەش كە جێگای خۆشحاڵییە بە هۆی  هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی سەرۆكی كوردستان بە تایبەتی لە پرسی سەربەخۆییدا، دڵ و بڕوای ڕای گشتیی خەڵكی كوردستان لەگەڵ سەرۆكدایە و تا رادەیەكی زۆر یەكگرتوویی گوتاری سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان هاوكار و پشتگیریی هەوڵەكانی سەرۆكن و ئەم یەكگرتووییەی گوتاری كوردیش زامنی سەركەوتنی هەوڵ و هەنگاوەكانی سەرۆكە."

ژیوار

هەواڵی پەیوەندیدار