تورکمان: گوشارمان لەسەر نەبووە.. لە بەکەم سەیرکردنمان نیگەرانین

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کە لەسەر پشکی تورکمانە، ئەو لێدوانانە ڕەت دەکاتەوە کە ڕێککەوتنی ژێربەژێر لە نێوان ئەوان و مەسیحی و پارتیی دیموکراتی کوردستاندا هەبێت، بۆ پۆستەکانی ئەنجوومەنی شارەوانی و دەپرسێت، "ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە بۆچی لایەنەکانی دیکە داوایان لە ئێمە نەکرد تا بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ناوخۆیی لەگەڵیاندا رێک بکەوین؟ یان بە کەم لێمان دەڕوانن."
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کە لەسەر پشکی تورکمانە (ئازاد ئەکرەم) بە kdp.infoی راگەیاند: "بۆ، بۆ گۆڕان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئاساییە رێککەوتن بکرێت، بەڵام بۆ ئێمە ئاسایی نییە، بۆیە ئێمەش ھەردوو پێکھاتەی تورکمان و مەسیحی بە باشمان زانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان حکوومەتی ناوخۆیی ھەولێر پێک بێنین، بەبێ ئەوەی ھیچ گوشارێکمان لەسەر بێت و بە ڕەزامەندیی خۆمان بووە."
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر نیگەرانیی خۆیشی نیشان دا و گوتی، "ئێمە نیگەرانین کە بە کەم تەماشای ئێمە دەکرێت و وەھا پێشان دەدەن کە ئێمە ئەندامی تەواو نین و ناتوانین رێککەوتن لەگەڵ ھیچ لایەنێک بکەین، کە ئەمەش کارێکی زۆر ناشرینە و بە توندی رەت دەکەینەوە."
(ئازاد ئەکرەم) گوتیشی: "لێدوانی ھەندێک لایەن لە کەناڵەکانەوە دەبینین، بە راستی ئەمە سوکایەتیکردنە بە تورکمان و مەسیحی و بە کەس و لایەنی ئاسایی حیسابمان ناکەن، بەڵام ئەگەر رۆشنبیریی دیموکراسی ھەبێت ئەو قسانە ناکرێت، چونکە ئەگەر ئەوان ئێمە بە کەمینە دەزانن، پێویستە مافی ئێمە بدرێت، ئەوکات دیموکراسیەت لەو کۆمەڵگایە دەچەسپێت."
ھاوکات روونیشی کردەوە، "بە ھیچ جۆرێک گوشارمان لەسەر نەبووە و ھیچ رێککەوتنێکی ستراتیژییش نەبووە، بەڵکو تەنھا داوایان لە ئێمە کردووە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە بۆچی لایەنەکانی دیکە داوایان لە ئێمە نەکرد بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ناوخۆیی لەگەڵیان رێک بکەوین، چونکە بە ھیچ شێوەیەک داواکاریی لەو جۆرەیان لە ئێمە نەکردووە."
ھەردوو پێکھاتەی تورکمان و مەسیحی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر خاوەن پێنج کورسین و لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا حکوومەتی خۆجێیی ھەولێریان پێک ھێناوە و پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگایش بەر پێکهاتەی تورکمان کەوتووە.
بڵند ئیبراھیم




