جەلەولا.. سێ ئاساییش شەهید کران

جەلەولا-تایبەت بەKDP.info- بەرپرسێکیی پارتی لە جەلەولا گوتی، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا دەستی پێ کردەوە و، لە ئاکامدا دوو ئاساییش شەھید بوون.
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە جەلەولا، کامەران محەممەد، بەkdp.infoی راگەیاند: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاساییشێک بە ناوی (حەسەن عەلی)، بە قەنناس شەھید کرا، دوای نیوەڕۆیش شەڕ و پێکدادان لە ھەردوو گەڕەکی وەحدە و تەجنید لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش دەستی پێ کردەوە و تائەم ئێوارەیە بەردەوام بوو، لە ئاکامدا دوو ئاساییشی دیکە شەھید بوون.
کامەران محەممەد گوتیشی: گەڕەکی وەحدە لە دەست پێشمەرگەدایە، بەڵام لەناو گەڕەکەکە چەکدار ھەن بە قەنناس شەڕی پێشمەرگە دەکەن، ئەمە زیاتر کێشەی دروست کردووە، بەڵام لەو شەڕەدا ھێزەکانی داعش شکستێکی گەورەیان ھێناوە.
ئاماژەیشی دا، ئێستا شەڕ راوەستاوە و تەنھا ناوە بە ناوە تەقە دەکرێت.
محەممەد رەتیشی کردەوە بارەگاکیان چۆڵ کردبێت و گوتی، ئێستا ھێزەکانیان لە ناو بارەگاکانیاندان.
بڵند ئیبراھیم




