نەوتی ھەرێمی کوردستان بەنرخی جیھانی فرۆشراوە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info- وەزارەتی نەوتی عێراق باس لەوە دەکات کە نەوتی ھەرێمی کوردستان بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕەکانی جیھان فرۆشراوە و، لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، نەوتی ھەرێمی کوردستان بە نرخی جیھانی فرۆشراوە.
سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان(د.شێرکۆ جەودەت) بە kdp.infoی راگەیاند: "بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە دەست ئێمە گەیشتووە، نەوتی ھەرێمی کوردستان بە نرخی جیھانی فرۆشراوە."
(د.شێرکۆ جەودەت) گوتیشی: "ئێمە بەدواداچوونمان کردووە و لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانمان پرسیوە کە نەوتی ھەرێمی کوردستان بە نرخی جیھانی فرۆشراوە و لە 100دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک کەمتر نییە."
ئەمەش لەکاتێکدایە، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، کە ھەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە بە وڵاتان و بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕەکانی جیھان، کە بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت 65 دۆلار بووە.
بڵند ئیبراھیم




