٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی داوا لە پەرلەمان دەكات، لە دەرکردنی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی، پەلە بکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-تایبەت بە KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لە گوتارەكەی رۆژی پێنجشەممەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا كە لە پەرلەمان پێشكەشی دەكات، باس لە دۆخی عێراق و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەو قۆناخە نوێیە دەكرێت و داوا لە پەرلەمانی كوردستانیش دەكات بە زووترین كات یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی دەربكرێن. دەشڵێت كە (سەرۆك بارزانی) پێش كۆبوونەوەی پەرلەمان، لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكاندا دادەنیشێت.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (ئومێد خۆشناو)، بۆ kdp.infoگوتی: "سەردانی جەنابی (سەرۆك بارزانی) لەسەر داواكاریی خۆیەتی كە پێی باش بووە لەو بارودۆخەدا سەردانی پەرلەمانی كوردستان بكات و لەوێوە ڕوونكردنەوە بۆ ئەندامانی پەرلەمان و خەڵكی كوردستانیش بدات".

سەبارەت بە ناوەڕۆكی گوتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە چاوەڕوان دەكرێت لە پەرلەمان پێشكەشی بكات، سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد ئاماژەی دا: "بە دڵنیاییەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتار پێشكەش دەكات و تێیدا باس لە دۆخی ئەمڕۆی عێراق و هەرێمی كوردستان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەو قۆناخە نوێیە دەكات، هەروەها ڕوونكردنەوە بۆ پەرلەمانتاران و خەڵكی كوردستان دەدات و داوایش لە پەرلەمانی كوردستان دەكات بە زووترین كات یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی دەربكرێت".

(ئومێد خۆشناو) بە گرنگییەوە دەڕوانێتە سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمان و دەڵێت: "هاتنی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمان، لە كاتێكی زۆر گرینگ و گونجاودایە و خەڵكی كوردستان و پەرلەمانتارانیش چاوەڕوانیی ئەوەیان هەیە ڕوونكردنەوەی زیاتر دەربارەی ئەو دۆخە و ئەگەر و لێكەوتەكانی ئەو دۆخە لەسەر زاری سەرۆكی هەرێمەوە بزانن، بۆیە سەردانی (سەرۆك بارزانی) لەم كاتەدا بە گرینگ دەبینین".

لەبارەی پرسیار و موداخەلەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانەوە بۆ سەرۆكی هەرێم، (خۆشناو) گوتی: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ خۆی داوای كردووە لە پەرلەمان ڕوونكردنەوە بدات نەك پەرلەمان داوای ئەوی كردبێت، بۆیە بەپێی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان لە دەسەڵاتی كەسمان نییە موداخەلە یان پرسیارمان لە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەبێت، بەڵام وەكو چاوەڕوان دەكرێت (سەرۆك بارزانی) بەر لە بەشداریكردن لە دانیشتنی پەرلەماندا، لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان دانیشتنی دەبێت و لەوێدا دەكرێ هەر پرسیارێك بخرێتە روو، بەڵام لە دانیشتنی پەرلەماندا ئەوە نە لە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتییە و نە دەسەڵاتی ئەندامانی پەرلەمانیشە، بەڵكوو ئەوە پێڕەوی ناوخۆیە كە رێگە نادات پرسیار و موداخەلە هەبێت، لەبەر ئەوەی خۆی داوای كردووە بێتە پەرلەمانی كوردستان". 

سەبارەت بە چوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمان و گرینگیی سەردانەكە، سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمان گوتی: "هەمیشە جەنابی سەرۆك جەختی لەوە كردووەتەوە كە مەرجەعییەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها سەرچاوەی بڕیاردان لە چارەنووسی خەڵكی كوردستان، پەرلەمانی كوردستانە، كەوایە هاتنی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمان، بەڵگەی سەلماندنی ئەو مەرجەعییەتەیە كە پەرلەمان و نوێنەرانی خەڵكی كوردستان دوابڕیار لەسەر هەر بارودۆخ و پێشهاتێك بدەن و لە پەرلەمانەوە نەخشەڕێگەی بریارەكان دیاری بكەن".

هەواڵی پەیوەندیدار