٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كورد داوایه‌كی ئەمەریکای ڕه‌ت كرده‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كرد، ئەو كاتەی (جۆن كیری) لە بەغدا بوو، گەورەبەرپرسێكی ناردبوو بۆ كوردستان تا ڕازییان بكات بەوەی شاندێك بنێردرێتە بەغدا و لەوێ دیداریان لەگەڵدا ساز بدات، بەڵام سەركردایەتیی كورد داوا‌كەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ڕەت كردەوە و بە گەورەبەرپرسە ئەمەریكاییەكەی گوتبوو كەوا ئەو خۆی بێت بۆ هەولێر. (فواد حوسێن) گوتیشی، "بەڕێز (كیری) هاتووە بە هیوای ئەوەی كە حكوومەتی كوردی و پێشمەرگە باش مەشقپێكراوەكەی ڕازی بكات بە پاڵپشتیكردنی ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ پاراستنی یەكێتیی عێراق و‌ پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوپەیمانیی نوێ لە بەغدا و ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)."

 

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (فوئاد حوسێن) دەشڵێت، عێراق بەو شێوەی كە پێش دوو هەفتە دەناسرا، كۆتایی پێ هاتووە، كاتێك كە جیهادییەكان دەستیان بەسەر شاری مووسڵدا گرت و بەرەو باشوور و بە ئاراستەی بەغدا رۆیشتن.

 

لە چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (گلۆب ئەند میل)، كە ڕۆژنامەنووس (مارك ماكینون) چوارشەممەی ڕابرد سازی داوە نووسیویەتی، ئێستا كوردەكانی عێراق كە ژمارەیان شەش ملیۆن كەسە، هیوا و ئاواتیان بەدەستهێنانی سەربەخۆییە.‌ لە كۆنەوە دەپرسن دواڕۆژیان چی دەبێت لە وڵاتێكدا كە چەندین گرووپی تیرۆرستی لە عەرەبی سوننە و میلیشیاكانی عەرەبی شیعەی تێدایە و ئێستاكە هەردوو هێز باڵادەستن لەم شوێنانە. (حوسێن) لەو باوەڕەدایە "ئێستا كات‌ بۆ كوردەكان كە زۆربەیان موسڵمانی سوننەن، لەبارە"، بەڵام بە زمانێكی تایبەت بە ‌خۆیان قسە دەكەن و كولتوور و ڕۆشنبیریی تایبەتی خۆیان هەیە و‌ بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكرێت، پێویستە خۆیان دوور بگرن لەو پشێوییەی كە باشووری گرتووەتەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتەكەیان ڕابگەیەنن.

 

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (فوئاد حوسێن) گوتی "بڕیاردان لە چارەنووس مافی خۆمانە، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەوڵ و تێكۆشانی ناوخۆیی و دەرەكی هەیە". پاشان ئاماژەی دا "ئێمە ناتوانین بوەستین و هیچ شتێك نەكەین. ئێمە پرۆسەی گفتوگۆكردنی ئەم بابەتە لە ناو كۆمەڵگاكەمان دەست پێ دەكەین لەبەر ئەوەی پێویستی بە ئامادەكردنی زەوینە هەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی".

 

ڕاوسەرنجەكانی (حوسێن) دوای ڕۆژێك هات لە چاوپێكەوتنی جەنابی (بارزانی) لەگەڵ (جۆن كیری)ـی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و‌ بۆ گواستنەوەی ڕاستییەكان لێرە، سەركردایەتیی كورد داوایەكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ڕەت كردەوە كە بریتی بوو لە ناردنی شاندێك بۆ ئەوەی چاوی بكەوێت بە بەڕێز (كیری) لە بەغدا و لەجیاتی ئەمە بە دیپلۆماتكاری ئەمەریكایی پایەبەرزی گوتبوو كەوا ئەو خۆی بێت بۆ هەولێر.

 

گوتوێژەكان لە نێوان (كیری) و (بارزانی) دەستیان پێ كرد و بە بیروڕای تەواو جیاواز، كۆتاییان پێهات لەسەر ئەو دواڕۆژەی كە دەبێت لە عێراق ڕوو بدات.

 

(حوسێن) كە لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە بوو و (50) خولەكی خایاند، گوتی "بەڕێز (كیری) هاتووە بە هیوای ئەوەی كە حكوومەتی كوردی و پێشمەرگە باش مەشقپێكراوەكەی ڕازی بكات بە پاڵپشتیكردنی ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ پاراستنی یەكێتیی عێراق و‌ پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوپەیمانیی نوێ لە بەغدا و ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش).

 

ئەم هەوڵانە لە ڕۆژی چوارشەممەدا دووچاری شكستی تر بوونەوە كاتێك چەكدارانی داعش توانایان بەهێزتر بوو لە دەستبەسەرداگرتنی دەروازە سنوورییەكانی سووریا و ئوردنی دراوسێ‌ و ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق (نووری مالیكی) كە سیاسەتمەدارێكی شیعەیە و لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت بە نەهاتنەخوارەوەی لە دەستەڵات لە پێناو حكوومەتی پێشنیازكراوی یەكێتیی نیشتمانی و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی مانگی نیسانی ڕابردوویش – كە لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی (نووری مالیكی) (92) كورسی لە كۆی (328) كورسی بە دەست هێنا، كە ئەمەیش ڕێژەی زۆرینەیە و‌ مافی دەداتێ بۆ ئەوەی دەستەڵاتی بەڕێوەبردن بگرێتە ئەستۆ.

 

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابرد،‌ مالیكی لە گوتارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی "ئامانجە مەترسیدارەكان لە دوای بانگهێشتكردن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی رزگاریی نیشتیمانی كە لە لای هیچ كەسێك شاراوە نییە، بریتییە لە هەوڵدان لە لایەن ئەو كەسانەوە كە دژی دەستوور وەستاونەتەوە لە پێناو كۆتاییهێنانی پرۆسەی دیموكراسیی تازەپێگەیشتوو و دزینی دەنگی دەنگدەران".

 

(بارزانی) بە (كیری) ڕاگەیاند كە "پاش كەوتن و دەستبەسەراگرتنی شاری مووسڵ واقیعێكی نوێ و عێراقێكی نوێ هاتووەتە كایەوە"، پاش جێهێشتنی سوپای عێراق لە شوێنەكانیان و لە ئەنجامی ئەو پشێوییە،‌ پێشمەرگە چووە شاری كەركووكی دەوڵەمەند بە نەوت تا لە هەڕەشە بیپارێزێت، كوردیش ئەم شارە وەك قودس ناوزەد دەكەن لە ڕووی گرینگیی مێژوویی و ڕۆشنبیرییەوە.

 

 (فوئاد حوسێن) لە نووسینگەكەی خۆی لە ناو فەرمانگەكانی سەرۆكایەتی لە هەولێر گوتی "عێراق پێش ماوەی ڕووداوەكانی مووسڵ عێراقێكی یەكگرتوو و خاوەن سوپای خۆی بوو، بەڵام لە دوای ڕووداوەكانی مووسڵەوە، بووە بە عێراقێكی دابەشكراو."

 

(حوسێن) ڕوونی كردەوە كەوا كەركووك ئێستا لە ژێر كۆنترۆڵی تەواوی كوردە و گوتی "پێویست بە گوتووێژ ناكات لە سەر دووبارە رادەستكردنەوەی شارەكە بۆ سوپای عێراق، سوپای عێراق لە ناوچەكە نەماوە، بۆیە ئێمە بۆشاییەكەی ئەوانمان پڕ كردەوە و كەركووك و ناوچەكانی تریش دەپارێزین... سوپای عێراقی بوونی نییە،‌ كوا سوپای عێراق لە كوێیە؟ لەمەودوا هیچ گفتوگۆیەك دەربارەی سوپای عێراق نییە."

(حوسێن) گوتیشی "دڵنیام پێشمەرگە توانای بەرپەرچدانەوەی داعشیان هەیە ئەگەر هەر هێرشێك بۆ سەر پێشمەرگە بكەن."

دەربارەی پرسی نەوتیش وەك ڕۆژنامەكە بڵاوی كردووەتەوە، تاكو ئێستا فرۆشەكانی نەوت نزیكەی سەد ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی لێ بە ‌دەست هاتووە. (حوسێن)ـیش لەو بارەیەوە دەڵێت "حكوومەتی بەغدا شەش مانگە بودجەی بۆ نەناردووین، بۆیە ئێمە بەرپرسیارین لە بەرامبەر گەلەكەمان. ئێمە دەبێت سەرچاوەی داهات پەیدا بكەین بۆ گەلەكەمان. نەوتمان بە دەست هێنا، كەواتە چاوەڕوانی چی دەكەن؟"

 

ڕۆژنامەكە هاوكات نووسیویەتی، لە كاتێكدا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ‌دوای رووخاندنی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003 لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە، ئەندازەیەكی زۆری لە سەربەخۆیی بە ‌دەست هێنا. هەر بۆیە گوشار خرایە سەر حكوومەتی (بارزانی) بۆ دواخستنی بابەتی سەربەخۆیی بە هۆی ئەو هەڕەشانەی لە دوو وڵاتی هاوسێ توركیا و ئێرانەوە دەكران، چونكە ئەم دوو وڵاتە لەو ناوچانەی كە دانیشتووانیان كوردن لە ناو خاكی وڵاتەكانیان لە ڕوودانی پشێوی دەترسان. هەروەها وا بەدیار دەكەوێت وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە بە پارێزەری بنچینەیی كورد دەناسرا‌،‌ خۆیشی گوشاری خستە سەر هەولێر بە ئامانجی هێشتنەوەی كوردستان لە ناو سنووری عێراقدا.

 

(حوسێن) ددانی بەوەدا ناوە بەوەی كە كارێكی قورسە گوشار بخرێتە سەر هێزە هەرێمییەكان بۆ رەزامەندییان لەسەر سەربەخۆیی كوردستان و‌ هەورەها پلانی داناوە بۆ ئەوەی لە ڕۆژی چوارشەممەدا بۆ بەردەوامبوون بەو هەوڵانە سەردانی واشنتۆن بكات، وەكو بەشێك لە بیرهێنانەوەی بەرپرسانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەسەر جۆری ئەو عێراقەی كە دەبووایە دروستی بكات لە ‌دوای جەنگی ساڵی 2003، ئەو جەنگەی كە پێشمەرگەیش تێیدا بەشدار بوو.

 

(حوسێن) گوتی "ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ هەمووانی ڕوون بكەینەوە كەوا ئەمە ئەو عێراقە نییە كە ئێمە دەمانەویست، ئەمە ئەو عێراقە نییە كە كورد لە پێناویدا خەباتی كردووە، ئێمە دەجەنگاین لە پێناو عێراقێكی دیموكراسیدا، دەجەنگاین لە پێناو عێراقێكی فیدراڵیدا، دەجەنگاین لە پێناو عێراقێك كە رێز لە مافەكانی مرۆڤ و ئافرەت و كەمە نەتەوایەتییەكانی تر و هەموو گرووپەكان بگیرێت. ئێستایش لە لایەك میلیشیا هەیە كە بووەتە هێزێكی باڵادەست و‌ لە لایەكی ترەوە تیرۆریستانیش هێزی باڵادەستن و هەردوو لایەنیش شەڕ لەگەڵ یەكتری دەكەن و ئێمەیش ناتوانین كێشەكە چارە بكەین."

هەواڵی پەیوەندیدار