بۆ سازدانی ڕیفراندۆمە.. پەرلەمان یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی پەسند دەکات

هەولێر -تایبەت بەKDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، داوایان كردووە لیژنەیەكی كاتی دروست بكرێت بۆ ئەوەی لە ڕووی یساییەوە لەو دۆخە نوێیەی ناوچە كوردستانییەكان بکۆڵرێتەوە و تا بە زووترین كات یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی دەربكرێت. دەشڵێت، "دەمانەوێت بەپێی یاسا و بەپێی كۆمسیۆنێكی هەرێمی كوردستانی تایبەت بە خۆمان راپرسی بكەین."
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (فرسەت سۆفی)، بۆ kdp.infoـی راگەیاند، "مانگێك پشوومان درێژ كردەوە بۆ ئەوەی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی پەسند بكەین، یاسای كۆمسیۆن و هەڵبژاردن و راپرسی بۆ ئەوەمانە كە یاسایەكمان هەبێ لە هەر كاتێكدا بڕیار درا بۆ ئەوەی راپرسی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، ئێمە بەپێی یاسا و بەپێی كۆمسیۆنێكی هەرێمی كوردستانی تایبەت بە خۆمان، ئەم كارە ئەنجام بدەین."
( سۆفی) گوتیشی: "زۆرینەی پەرلەمانتاران دوامان كردووە لیژنەیەكی كاتی دروست بكرێت بۆ ئەوەی دیراسەی تەكلیفی یاسایی ئەو وەزعە نوێیەی ناوچە كوردستانیەكان بكرێت و دەشمانەوێ بە زووترین كات یاسای هەڵبژاردن و راپرسی دەركەین، بۆ ئەوەی بزانین لە داهاتوودا ئەگەر هەر راپرسییەك لە هەرێمی كوردستان ئەنجام درا، ئێمە كۆمسیۆنێكی سەربەخۆمان هەبێت و بتوانین ئەگەر بڕیارمان دا بگەڕێینەوە بۆ گەلی كوردستان لە رێگای ئەو كۆمسیۆنەوە بێت."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: "زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان داوامان لە پەرلەمانی كوردستان كردووە دیراسەیەكی جیددی بكەین بۆ تەكلیفێكی یاسایی بۆ ئەو دۆخە نوێیەی كە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری ماددەی 140 و تەكلیفی یاسایی نوێی ئەم ناوچانە چییە، ئێستاش لە سەروبەندی دیراسەی یاسایی ئەو دۆخەداین."
جێگای ئاماژەیە كە (سەرۆک بارزانی) لە دیمانەیكیدا لەگەڵ BBCگوتی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان خەریكی دیاریكردنی رۆژێكین بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها رایگەیاندووە، "عێراق خۆی دابەشبووە و بریاری سەربەخۆیی كوردستانیش بریاری من نییە، بەڵكو بریاری خەڵكی كوردستانە."
لەبارەی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو دیمانەیەدا گوتی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە "كێشەی چەند مانگێكە و ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە پلانی بۆ دانراوە، تەنیا كاتەكەی ماوە دیاری بکرێت."




