سیستمی كۆبۆن ڕاگیرا... بۆ ئاسانكاریی هاووڵاتیانە

هەولێر -تایبەت بە KDP.info- قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر دەڵێت، پێدانی بەنزین بە كۆبۆن بۆ كاتێكی دیكە دوا خراوە، لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر كۆبۆنی وەرنەگرتووە و لە ئێستایشدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان سەرقاڵی دانانی میكانیزمێكە بۆ ئەوەی لە وەرگرتنی كۆبۆن و بەنزینەكەیشدا ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان بكرێت.
نوێنەری پارێزگای هەولێر و جێگری قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر (هێرش حوسێن)، بە kdp.infoـی راگەیاند، لە ئێستادا پێدانی كۆبوون بە هاووڵاتیان راگیراوە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانیش سەرقاڵی دانانی میكانیزمێكە بۆ ئەوەی لە وەرگرتنی كۆبۆن و بەنزینەكەیشدا ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان بكرێت و چاوەڕوان دەكرێت هەر ئەمڕۆ ئەو میكانیزمە رابگەیەنرێت.
(هێرش حوسێن) رەتیشی كردەوە كە هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر مەرجەكانی دەرهێنانی كۆبۆندا هاتبێت و گوتی، "مەرجەكان وەكو خۆیان دەبن و تەنیا بۆ دەرهێنانی كۆبۆن كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان دەكرێت، چونكە قەرەباڵغییەكی زۆری لەسەرە".
ئەو گوتیشی، "بڕیار بوو ئەمڕۆ كار بە سیستەمی كۆبۆن بكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر تائێستا وەری نەگرتووە، بۆ كاتێكی دیكە دوا خراوە".
(حوسێن) ڕوونیشی كردەوە كە، چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بەنزینی بازرگانییش لە هەرێمی كوردستاندا دەست بە دابەشكردنی بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




