٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاشتی هەورامی: تورکیا پشکی لە نەوتی کوردستاندا نییە.. بەمزووانە ڕاپرسی ساز دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردتسان، ڕەتی دەکاتەوە تورکیا پشکی لە نەوتی هەرهەناردەکراو و فرۆشراوی کوردستاندا هەبێت، بێجگە لەو کرێیەی کە لەبەرانبەر گوازتنەوەی نەوتەکەدا وەریدەگرێت، وەک هەورامی دەڵیت، ئەمەیش بەپێی ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکانە. دەربارەی کەرکووکیش گوتی، بەمزووانە ڕاپرسی ساز دەدرێت.

ئاشتی هەورامی هاوکات دووپاتی کردەوە کە، هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور کە مافی دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنی نەوتی پێ دراوە، مامەڵە لەگەڵ پرسی نەتدا دەکات و دەڵێت، "بەرپرسانە و بە ڕوونی نەوت دەفرۆشین و ئەوەی لێیشمان بە دەست دەگات هەر ڕوونە و مافی ئەوەیشمان هەیە 17%-ی داهاتی نەوتمان پێ ببڕێت."

وەک "حورییەت دەیلینیوز" بڵاوی کردووەتەوە، هەورامی گوتووشیەتی، "هەرێم هێشتا هیچی دەست نەکەوتووە"، جەختیشی کردووەتەوە لە دەستووریبوونی سیاسەتی نەتیی هەرێم.

پێوەست بە ڕۆڵی تورکیایش لە پرسی نەوتی هەرێم، هەورامی دەڵێت "ئاساییە پارە بدەین بە تورکیا لەبەرانبەر بەکاربردنی خاکەکەی، بۆرییە نەتەکەی و بەنداوەکانی"، زیاتر گوتی "تورکیا مافی ئەوەیشی هەیە وەک وڵاتانی دی  و بە هەمان نرخ نەوتی کوردستان بکڕێت."

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیشە کە، عێراق پێویستی بە سیستمێکی فەرمانڕانیی نوێ هەیە "پێم وایە ڕووداوەکان هەرچییەک و چۆن بووبن، ئاشکرایە کە عێراق پێویستی بە سیستمێکی جیاوازتر لە سێ چوار ساڵی ڕابرد هەیە. عێراق پێویستی بە سیستمی فیدڕاڵی یان کۆنفیدڕاڵی هەیە. حوکڕانەتیی ڕابرد سەرکەوتوو نەبوو، ناتوانین بە هەمان سیستمیش کار بکەینەوە، پێم وا نییە ئەمەیش ڕوو بداتەوە."

دەربارەی پرسی کەرکووکیش هەورامی دەڵێت، بەمزووانە ڕاپرسی ساز دەدرێت، دەڵێت "سەرۆکەکەم چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە کە ماددەی 140 لە ڕووی کردەنییەوە کۆتایی هاتووە. بەڵام لە بوارە یاساییەکەی بۆ ڕای دانیشتوانەکەی دەگەڕێتەوە و ڕاپرسی ساز دەدرێت تا بزانرێت داخۆ دەیانەوێت بگەڕێنە سەر ئەو ناوچەیە. هەڵبەت لە ڕووی کردەنییەوە کەرکووک لەژێر دەستی پێشمەرگەی کوردستاندایە."

ئەو ڕەتیشی کردەوە تورکمانەکان لە پرۆسەی سیاسی دوور بخرێنەوە و دەڵێت "تورکمانەکان برامانن و لە نێوان ئێمە و ئەواندا جیاوازییەک نییە. کوردستان هیی هەموانە و هەموویشمان لە بودجە، خۆشییەکانی و داهاتەکەی پشکمان هەیە."

سەرۆک بارزانی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا و لە میانەی دیداری لەگەڵ گەورەبەرپرسانی ئەمەریکایی، بەریتانیایی و یوئێنیشدا جەختی کردەوە لەوەی هەرێمی کوردستان لەو هەنگاوانەتی ناونی ناگەڕێتەوە دواوە و ئەو شوێنانەیشی کە پێشمەرگە لێی جێگیر کراون، خاکی کوردستانن و لێیان ناکشێینەوە، هاوکات گوتوویەتی کە، بەلای هەرێمی کوردستانەوە، ماددەی 140 بە کردەنی جێبەجێ کراوە و ماەوەتەوە ئەوەی ڕاپرسی تێیدا ساز بدرێت، ئەمەیش بۆ ئەوەیە کە نیشانی بدەن کە کورد خۆسەپێن نییە.

هەواڵی پەیوەندیدار