نابێ نرخی لیترێک بەنزینی بازرگانی لە 1250 دینار زیاتر بێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێنمایی نوێی بۆ کۆمپانیاکان بۆ ھاوردەكردنی بەنزین دەركرد و بەپێی رێنماییانەیش نرخی یەك لیتر بەنزین نابێ لە 1250 دینار زیاتر بێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی ھەریمی كوردستان لە بڕیارێكدا كە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ئیمزای كردووە، سەبارەت بە دابەشكردنی بەنزین، لە ڕێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە رێنماییی نوێی سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی ھاوردەكردنی بەنزین بۆ ھەرێمی كوردستان دەرکرد.
بەپێی رێنماییەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كە بۆ ئەو بازرگانانەی دەركردووە كە بەنزین ھاوردە دەكەن، دەبێ خوسڵەتەکەی (كوالیتیی) بەو شێوەیە بێت كە وەزارەت بۆی دیاری كردوون و مۆڵەتیش تەنیا دەدرێت بەو کۆمپانیانانەی کە لە سێ وێستگە و زیاتریان ھەیە.
ھەروەها بەگوێرەی رێنماییەکان ھەر بازرگانێک نابێ رۆژانە لە 500 ھەزار لیتر بەنزین كەمتر ھاوردە بكات و نزمترین بڕی رێگەپێدراویش بۆ وەرگرتنی مۆڵەت دەبێ 10 ملیۆن لیتر كەمتر نەبێت و دوای ئەو رەزامەندییەی لە حكوومەتی وەردەگرێ بۆ ھاوردەكردن، نابێ زیاتر لە 30 رۆژ بخایەنێ بۆ ھاتنی بەنزینەكەی.
هاوکات ئاماژە دراوە كە، ئەو كۆمپانیایانەی بەنزین دەهێننە هەرێم، پێویستە مۆڵەتیان هەبێت و هەروەها شوفێران دەبێت بە بەڵگەنامە یاساییەكانیانەوە داوای كۆبۆن بكەن و چەند مەرجێكیشی بۆ جۆر و شێوازی دابەشكردنی بەنزین داناوە.
لە ڕێگەی ئەم لینكەوە دەتوانن تەواوی رێنماییەكان بخوێننەوە.
http://mnr.krg.org/images/pdfs/Fuel_import_licence_regulations.PDF




