پارێزگای هەولێر سكاڵا لەسەر ڕێباز بێركۆتی تۆمار دەكات

هەولێر-KDP.info- ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت كە، سكاڵای یاسایی لەسەر ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا (ڕێباز بێركۆتی) تۆمار دەكات بە هۆی ئەو "ناوزڕاندن، بوختان و بێڕێزی"ـییەی بەرانبەر بە پارێزگاری هەولێر كردوویەتی.
لە نووسراوێكی فەرمیدا كە بۆ دەستگەكانی ڕاگەیاندن گشتێندراوە و بە ناوی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێرەوەیە، جەخت كراوەتەوە كە بە هۆی هەموو ئەو "بوختان، ناوزڕاندن و بێڕیزی"ـییەی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر (ڕێباز بێركۆتی) كە لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بەرانبەر بە پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) لە كەناڵی ئێن ئاڕتییەوە كردوونی، بڕیار دراوە سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار بكرێت.
دەقی نووسراوەكەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر:
"لە ئاست ئەو ناوزڕاندن و بوختان و بێرێزییەی بەڕێز (رێباز بێركۆتی) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە میانەی بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی لە كەناڵی نالیا تی ڤی"NRT" لە ئێوارەی رۆژی 28/6/2014 بەرامبەر بە خودی پارێزگاری هەولێر كردی، كە وێڕای رەتكردنەوەی تەواوی ئەم بوختان و هەوڵی ناوزڕاندن و بێڕێزیكردنە، بە ڕای ئێمە هیچ لەو بەها گەورە و شانازییانەی پێشوەچوونی رەوشی ئاوەدانی و گەشەپێدانی هەولێری پایتەخت كەم ناكاتەوە كە بووە مایەی دووبارە دەنگدانەوەی ئەرێنیی زۆربەی هەرەزۆری خەڵكی پایتەخت و سنووری پارێزگا بەو ئەزموونە و ستاییش و پێداهەڵگوتنی دۆستان و چاودێران لە هەموو لایەك و، وێڕای رێزگرتنیشمان لە هەر خوێندنەوە و بۆچوونێك لەمەڕ خواستی لیستەكانی تر بۆ هەر بەشداربوونێكی كارا لە پرۆسەی ئیدارەكردنی ئەنجوومەن و سوودمەندبوونیان بە هەندێك لە پۆستە ئیدارییەكان، ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین وەكو پارێزگای هەولێر رێوشوێنی یاسایی لە رێگەی دادگەوە بگرینە بەر و داوای یاسایی لەسەر ناوبراو تۆمار بكەین."




