٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوەكان پشتیوانی لە هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.INFO- ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە كوردستان، پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵوێستەكانی (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند و داوایش لە هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن، وەك پێشمەرگە بەشەرەفەكان كە لە سەنگەری پێشەوەدا سنگی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان كردووەتە قەڵغان، ئامادەی خۆبەختكردن بن.

 

ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە پرێسكۆنفڕانسێكدا بەیاننامەیەكیان خوێندەوە و ڕایانگەیاند، "لەم قۆناخەدا پێویستە نەتەوەكەمان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بێت، چونكە تاكە زامنی پاراستنی دەسكەوتەكانمان تەنیا یەكڕیزیی گەلەكەمانە لە بەرامبەر هەر مەترسی و دژایەتیێك كە لەلایەن دوژمنانی كوردستانەوە ئەنجام بدرێت".

ئەمەیش دەقی بەیاننامەكەیە:

بە ناوی خوای گـــــەورە و میهرەبـــان   

جەماوەری بەشەرەفی كوردستان

وەك ئاشكرایە گۆڕانكاریێك لە ناوچەكەدا هاتووەتە پێش كە دەتوانێت چارەنووسی ئێمە لە قۆناخێكەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناخێكی تر، كەوا ساڵەهایە خەباتی سیاسیی چەكداری و پارتیزانیمان لە پێناویدا ئەنجام داوە، بە هەزارەها قوربانیمان داوە و لە پێناویدا تووشی كوشتن و راگواستن و بەندكردن و زیندەبەچاڵكردن بووین و تا گەیشتە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لە بەرامبەر گەلەكەماندا.

بۆیە لەم قۆناخەدا پێویستە نەتەوەكەمان یەكدەنگ و یەكهەڵویست بێت، چونكە تاكە زامنی پاراستنی دەسكەوتەكانمان تەنیا یەكڕیزیی گەلەكەمانە لە بەرامبەر هەر مەترسی و دژایەتیێك كە لەلایەن دوژمنانی كوردستانەوە ئەنجام بدرێت.

ئێمەیش لە ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستان پشتیوانیی خۆمان بۆ هەڵوێستەكانی (سەرۆك بارزانی) رادەگەیەنین و داوایش لە هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین كەوا وەك پێشمەرگە بەشەرەفەكانمان كە لە سەنگەری پێشەوەدا سنگی خۆیان كردووەتە قەڵغان بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان، ئامادەی خۆبەختكردن بن. داوایش لە سەرۆكایەتیی كوردستان دەكەین كە بە هیچ شیوەیەك پێشمەرگەكانمان نەكشێنەوە و بەردەوام بن لە پێشڕەوی تا دوابستی خاكی كوردستان ئازاد دەكرێت.

ئێمە وەك ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستان پێشنیاز دەكەین چاڵێك (خەندەق) بە درێژایی سنووری باشووری كوردستان لێ بدرێت بۆ سەلامەتیی گیانی كوردستانیان لەلایەن تیرۆریستان یان هەر لایەك كە بیەوێت هێرش بكاتە سەر كوردستان، لەلایەكی تریشەوە بۆ دیاریكردنی یەكجارەكیی سنووری كوردستان.

هەروەها داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەین كەوا رێگە نەدات بستێك لە دەرەوەی خاڵی سنووریی كوردستان پێشڕەوی بكەن و هێزی پێشمەرگە لە شەڕێكی مەزهەبی تێوە نەگلێت كە بە هیچ شێوەیەك شەڕی خەڵكی كوردستان نییە، هەروەها پارێزگاری لە برایەتیی كورد و عەرەب بكەن بە هەردوو بەشەكەی عەرەبی سوننە و شیعەوە.

هەروەها داوا لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكەین بە سوننە و شیعەوە كەوا بیر لە تێكدانی رەوشی كوردستان نەكەنەوە، چونكە كوردستان تاكە شوێنی ئارامی ناوچەكەیە و هەر خۆیشیان بەر لە هەموو كەسێك سودمەند بوونە لەو ئارامی و ئاساییشەی لە كوردستاندا هەیە، كە نزیكەی یەك ملیۆن هاووڵاتی لە ئاوارەكانی براكانمان لە عەرەبی سوننە و شیعە و رۆژئاوای كوردستان و عەرەبەكانی سووریا لەو شوێنەدا گیرساونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی كە بوونەتە بارێكی گران لەسەر ئابووری و داهاتی خەڵكی كوردستان.

شەكاوە بێت ئاڵای كوردستان

ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستان

 

ئومێد پشدەری  

هەواڵی پەیوەندیدار