وەزارەتی پێشمەرگە: قوربانیی زۆرمان داوە تا ئارامی بۆ حەمدانییە بگەڕێتەوە

هەولێر-تایبەت بە kdp.info-بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "هێزەكانی پێشمەرگە قوربانییەكی زۆریان بۆ كۆنتڕۆڵكردن و پاراستنی تەواوی پێكهاتەكان بە بێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی لە سنووری شارۆچكەی حەمدانییە داوە و لە ئێستایشدا ناوچەكە بە تەواوەتی لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە كۆنترۆڵ كراوە".
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت) بە kdp.infoـی راگەیاند، "لە پێناو پاراستنی گیانی دانیشتووانی سنووری شارۆچكەی حەمدانییەی سەر بە پارێزگای مووسڵ، بە بێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی، هێزی پێشمەرگە قوربانییەكی زۆری داوە تاوەكو توانیویەتی ئارامی بۆ ئەو ناوچەیە بگەڕێنێتەوە".
عەمید (هەڵگورد) گوتیشی كە لە ئێستادا ئەو ناوچەیە لە ژێر دەستەڵاتی هێزی پێشمەرگەدایە و لە چەكدارانی داعش پاك كراوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا دوای كۆنترۆڵكردن و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچەیە، ئەو خەڵكانەی لە ترسی هەڕەشەكانی چەكدارانی داعش ئاوارەی هەولێر ببوون، بۆ شوێنەكانیان دەگەڕێنەوە.
بڵند ئیبراهیم




