هێشتا دەرگا كراوەیە و دەرفەتیش ماوە.. خانزاد دزەیی: با لایەنەكان لەسەر سلێمانی رێك بكەون

هەولێر -KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر (خانزاد مام وسوو دزەیی) دەڵێت، "لە هەندێك كەس دەبیستین كە ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای هەولێر ناشەرعییە، دەبێت پێمان بڵێن كە شەرعیبوون لە هەڵبژاردنەوە وەردەگیرێت یان لە قسەی ئەوان." دەشڵێت، "با ئەوان لەسەر سلێمانی رێك بكەون، چونكە لە هەولێر كارەكان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن."
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر (خانزاد مام وسوو دزەیی) بە kdp.infoـی راگەیاند، حكوومەتی بنكەفراوانی پێشوو كە زۆر حیزبی تێدا بوون لەوانە: "پاتی و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی، ئەنجوومەنی پارێزگا هەقی بەسەرەوە نەبوو و هەولێر و دهۆك و سلێمانییش بۆ ئەو حیزبانە بوو كە زۆرینە بوون، لە عێراقیشدا حكوومەتی تەوافوقی بوو، بەڵام لە ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا زۆرینە حكوومەتی خۆجێیی دروست كردبوو."
(دزەیی) ڕوونیشی كردەوە كە "ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەنجوومەنی كیانی سیاسی نییە تا پەیوەندی بە كیانی سیاسییەوە هەبێت و تەوافوقاتی سیاسیی بۆ بكرێت، ئەمە حكوومەتی خۆجێیی و خزمەتگوزاریی خەڵكە، لەبەر ئەوە ئێمە وەكو ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ماوەیەك راوەستاین بۆ ئەوەی مەكتەب سیاسیی حیزبەكان بگەنە رێككەوتن و دەرەنجامێك، بەڵام لەبەر ئەوەی لە رووی یاساییەوە وادەكەی تەواو دەبوو و بۆ ئەوەی بۆشایی دروست نەبێت، بە تایبەتی كە ئێستا لە عێراقدا كێشە و قەیران هەیە، بە باشمان نەزانی سەرەڕای هەموو ئەو كێشە خزمەتگوزاریانە و بەنزین و كارەبا و زۆری دیكەیش، بۆشایی دروست ببێت. ئێمەیش وەكو پارتی بە هەقی خۆمانی دەزانین لەگەڵ توركمان و مەسیحی پێك بێین، ئەگەر لایەنە سیاسییەكانیش بۆ خۆیان رێك كەون، ئەوا ئەو كات دەرگا كراوەتەوە و دەرفەتیش ماوە."
سەبارەت بەو دەرفەتەی كە لە بەردەم بەشداریكردنی لایەنەكاندا ماوەتەوە، (خانزاد) گوتی: "هێشتا جێگری پارێزگار و لیژنەكان ماون، بەڵام هەندێك لێدوان گوێبیست دەبین كە ئەوپەڕی رێزم بۆیان هەیە و ئاساییە ئەوانیش بەشدار بن و خواستیان هەبێت لە ڕووی سیاسی و بەرژەوەندییەوە، بەڵام لە هەندێكیان دەبیستین كە ئەنجوومەنی هەڵبژێردراو شەرعی نییە، ئەوانەی دەڵێن ناشەرعییە دەبێت پێمان بڵێن شەرعیبوون لە هەڵبژاردنەوە وەردەگیرێت یان لە قسەی ئەوان؟"
لەبارەی ئەو لێدوانانەیش كە باس لە ناڕازیبوونی دانیشتووانی هەولێر دەكەن، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی دا: "ڕازیبوون و نەبوونی خەڵك بە قسەی ئەوان نییە، ئێمەیش بەپێی یاسا بۆمان هەیە حكوومەتی خۆجێیی هەولێر پێك بهێنین و پێكیشمان هێنا، ئەی هەڵبژاردن بۆ چییە، لە هەموو دنیادا شەرعییەت لە هەڵبژاردنەوە وەردەگیرێت، خۆ بە قسەی ئەوانیش نییە ئاخۆ خەڵك رازییە یان ناڕازییە. ئەوانەی ئێستا حكوومەتی خۆجێییان پێک هێناوە شەرعیەتیان لە خەڵک وەرگرتووە و خۆیان نەسەپاندووە."
(دزەیی) هەروەها پێشنیازیش بۆ لایەنەكان دەكات لەسەر سلێمانی رێك بكەون، چونكە بە دڵنیاییەوە لە هەولێر كارەكان بێ گرفت و زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن.




