شێركۆ جەودەت: دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵ، هیچ لایەنێك گومانی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم نامێنێت

هەولێر -تایبەت بە KDP.info- سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بە ڕەتکردنەوەی سكاڵای وەزاەرتی نەوتی عێراق لە لایەن دادگەی فیدراڵی و سەلماندنی یاساییبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانی، ئیدی هیچ لایەنێك گومانی نامێنێت و بازاڕی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بەهێزتر دەبێت.
سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان (د. شێركۆ جەودەت) بە kdp.infoـی راگەیاند، "ڕەتكردنەوەی سكاڵای وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراق لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە، بەڵگەیە كە سیاسەتی حكوومەتی عێراق هەڵەیە و نایاسایی و نادادپەروەرانەیە، بۆیە بڕیاری دادگە، بڕیارێكی تەواوە."
(د. شێركۆ) گوتیشی: "لە ئێستادا دادگە بڕیاری داوە كە مامەڵە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان یاسایین و هەرێمیش بۆی هەیە نەوت بفرۆشێت، ئێمە لە لیژنەكەی خۆمان داتا و زانیارییەكی زۆرمان دەست كەوتووە لەگەڵ حكوومەت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، ئێشتایش لە قۆناخی وردبینیكردن و بەدواداچوونی ئەو زانیاریانەین سەبارەت بە گرێبەست و مامەڵەكانی نەوت و تیمی پسپۆڕمان دروست كردووە و لەگەڵ دیوانی چاودێریدا هەماهەنگیمان هەیە بۆ ئەوەی هەموو لایەك لەو داتا و زانیاریانە دڵنیا بكەینەوە".
سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەوەیشی ڕوون كردەوە، لەمەودوا گومان و دووڵی سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت نامێنێت و بازاڕی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بەهێزتر دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




