عەلی بەلۆ: سیاسەتی نەوتی كوردستان سەر كەوت

هەولێر -KDP.info- سەرۆكی پێشووی لیژنەی نەوت و سامانە سرووشتییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی شەرعییەتدان بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دڵخۆشكەرە و سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستانیش سەر كەوت.
سەرۆكی پێشووی لیژنەی نەوت و سامانە سرووشتییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. عەلی حوسێن بەلۆ) بۆ KDP.infoڕایگەیاند، بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە شەرعییەتدان بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دڵخۆشكەرە، سەلماندیشی كە ئەو دادگەیە هیچ شەرعییەتی نەمابوو و تەنیا بڕیاری (مالیكی)ـی پەسەند دەكرد و خەڵكی تری هەموو پشتگوێ دەخست، بەڵام ئەم بریارەی ئومێدبەخش و دڵخۆشكەرە و هێشتا تۆزێك میسداقییەتی ماوە و خەڵك متمانەی پێ دەكات.
(د. عەلی حوسێن) ڕوونیشی كردەوە، پێشتر هەرێمی كوردستان كە لە رێگەی بۆرییەوە نەوتی بۆ بەندەری جیهان هەناردە كرد، دڵنیا بوو لە یاسازان و راوێژكارەكانیان ئەوانەی كە لە بواری یاسا و دەستووری عێراقدا شارەزان و هەروەها دڵنیایش بوو كە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بڕیارێكی دەستووری و گونجاوە بەپێی یاسا و دەستووری عێراق، چونكە هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی سیاسەتی نەوتەوە هەتا ئێستا هەوڵی داوە یەك ملیم لە دەستووری عێراق دەرنەچێت، لەبەر ئەوەی هەتا ئێستایش خۆی وەك پارچەیەك لە عێراق دەزانێت و هەنگاوەكانی دەرهێنان و هەناردەكرنی نەوتیشی لە چوارچێوەی یاسا و دەستووری عێراقدا هاویشتووە.
بە گوتەی (بەلۆ)، ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ فرۆشتن و هەناردەكرنی نەوتی هەرێم، دڵنیاییەك لای كۆمپانیاكانی نەوت دروست دەكات بە تایبەتی ئەو كۆمپانیایانەی كە نەوتی هەرێمی كوردستان دەكڕن، چونكە كێشەی یاساییان بۆ دروست نابێت و ئەو دووڵییەی كە لەلای كۆمپانیاكانی كڕینی نەوت هەبوو، نامێنێت و نەوتی كوردستانیش بە شێوەیەكی ئازادتر كێبڕكێی كڕینی لەسەر دروست دەبێت، ئەمەیش شتێكی زۆر گرینگە، چونكە كوردستان بریاری داوە رێژەی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان زیاد بكات، ئەمەیش دەبێتە هاریكار بۆ ئەوەی هیچ ئاستەنگێك لە بەردەم فرۆشتنی نەوتەكەی لە بازاڕەكانی جیهاندا نەبێت.
سەرۆكی پێشووی لیژنەی نەوت و سامانە سرووشتییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەیشی خستە ڕوو كە كاتێك هەرێمی كوردستان سیاسەتی نەوتی خۆی داڕشت، حیسابی هەموو ئەو خاڵانەی كردووە كە چۆن بتوانێت نەوت بگەیەنێتە بازاڕەكانی جیهان، چونكە ئەگەر نەوت نەگاتە بازاڕەكانی جیهان، كۆمپانیاكانیش نایەن و بەو گەرموگوڕییەی كە ئێستا لە كوردستان هەیە ئیش ناكەن و ئەو كۆمپانیا گەورانەی وەك ئیكسۆن مۆبێل و شیفرۆن و تۆتاڵ و گاز پرۆم و ئەوانەی كە لە كوردستان ئیش دەكەن، ئەوانە نایەن لە كوردستان ئیش بكەن هەتا 100% لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە قەناعەتیان لا دروست نەبێت و نەزانن رێگرییان نابێت لە فرۆشتنی نەوت. ئەم شەرعییەتدانەی دادگەی فیدراڵیی عێراقیش وەكو دانپێدانانی یاساییانەی فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی كوردستان، زیاتر كۆمپانیاكانی دیكە هان دەدات نەوتنی هەرێم بكڕن و ئەوانەی هەتا ئێستایش دوودڵ بوون و چاوەڕوانی رەزامەندیی عێراق بوون و موجامەلەی (شەهرستانی)ـیان دەكرد و نەدەهاتنە هەرێمی كوردستان ئیش بكەن، لە ئیسَتا قەناعەتیان بۆ دروست دەبێت و بێ دوودڵی نەوتی هەرێم دەكڕن.
گوتیشی: "ئەو ژاوەژاوەی كە پێشتر (شەهرستانی) و حكوومەتی عێراق لەسەر ناشەرعیبوونی نەوتی هەرێمی كوردستان دروستیان كردبوو، بە بریاری دادگەی فیدراڵیی عێراق و بەیاساییناساندنی، نامێنێت و كوردستان ئازادانەتر لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەدا مامەڵە بكەن كە لێرە ئیش دەكەن."




