دادگای فیدڕاڵی عێراق: فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان یاساییە

هەولێر-KDP.info- دادگای فێدڕالی عێراق، یاساییبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان پشتڕاست کردەوە و سكاڵای وەزارەتی نەوتی عێراقیش لەسەر ئەو پرسە شکستی برد. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوا لە حکوومـەتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لەمەودوا رێز لە بریارەکەی دادگا بگرن و چیی دیکە دەست لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی نەوت وەرنەدەن.
پاش فرۆشتنی یهكهم باره نهوتی كوردستان، حكوومەتی عێراق لە رێگای دادگای باڵای فیدڕاڵی سکاڵای لەسەر وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی كوردستان تۆمار کرد کە، بە شێوەیەکی نایاسایی نەوتی هەرێمی کوردستانی فرۆشتووە.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە 23-6 بۆ داواکارییەکەی وەزارەتی نەوتی عیراق كۆ بووهوه و بە زۆرینەی دەنگ سكاڵاکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی پووچەڵ كردهوه و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە رێگای بەندەری جەیهانی تورکیاوە بە یاسایی لەقەڵم دا.
ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی بڵاو کردووهتەوە و تێیدا هاتووە کە، سکاڵاکەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم پێچەوانەی یاساکانی عێراق بووە، چونکە ماددەی 110ی دەستوری عێراق مافی بە هەرێمی کوردستان داوە، تا نەوتی خۆی بفرۆشێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوا دەکات هەر یەکە لە حکوومـەتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ، لەمەودوا رێز لە بریارەکەی دادگا بگرن و چیی دیکە بە شێوەیەکی نایاسایی دەست لە کاروباری نەوتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم نەدەن و كۆتایی بێنن به هەڕەشە و ترساندنی کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان.




