ویلیەم هێگ، لە بەرگرتن لە پێشڕەویی تیرۆریستان، ستاییشی ڕۆڵی پێشمرگەی کرد

هەولێر-KDP.info- لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا(ویلیەم هێگ) ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاساییشی هەرێمی كوردستانی كرد لەوەی كە ڕێگەیان لە پێشڕەویی تیرۆریستان گرتووە بۆ ئەوەی نەتوانن دەست بەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا بگرن. لای خۆیەوە (سەرۆک بارزانی) ئاماژەی دا كە چارەسەری سەربازی بە هیچ شێوەیەك كۆتایی بە قەیرانەكان ناهێنێت و پێویستە سەرەتا چارەسەری سیاسیی هەبێت ئەوەیش لەژێر ڕۆشنایی ئەو واقیع و بارودۆخەی ئێستاكە لە عێراقدا هاتووەتە كایەوە.
ئەمڕۆ هەینی 27ـی 6ـی 2014 لە سەڵاحەددین(پیرمام) سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا(ویلیەم هێگ) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەکەدا سەرەتا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ئاماژەی بەوەدا كە "سەردانەكەی بۆ عێراق لە كاتێكی زۆر هەستیاردایە و عێراق بە دەست گرفتی ئەمنی و سیاسیی گەورەوە دەناڵێنێت و ئەگەر چارەسەر نەكرێت دەبێ چاوەڕوانی قووڵتربوونی كێشەی ئەمنی و بەهێزبوونی تیرۆریستان بین كە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ ناوچەكە دروست دەكەن."
لەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا داوای كرد كوردستان یارمەتیی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دامەزراندنی حكوومەتی تازە بدات و ڕۆڵی كاریگەری خۆی بگێڕێت. ئەوەیشی خستەڕوو كە پێویستە حكوومەتی تازە لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە و بە بەشداریی گشت لایەن و پێكهاتەكان بێت.
سەبارەت بە چارەسەركردنی بارودۆخی ئەمنیی عێراق، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند كە بەر لەوەی بیر لە چارەسەری سەربازی بكرێتەوە، پێویستە چارەسەری سیاسی بۆ دەستپێكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدۆزرێتەوە و هەرێمی كوردستانیش دەتوانێ ڕۆڵی كاریگەری هەبێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاساییشی هەرێمی كوردستانی كرد لەوەی كە ڕێگەیان لە پێشڕەویی تیرۆریستان گرتووە بۆ ئەوەی نەتوانن دەست بەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا بگرن.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سوپاس و دەستخۆشیشی لە هەرێمی كوردستان كرد بۆ یارمەتیدانی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كە ڕوویان لە هەرێم كردووە و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی هەوڵ دەدات هاوكاری و یارمەتیی زیاتر پێشكەشی ئاوارەكان بكات. پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وێڕای ئاماژەدان بە سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) بۆ وڵاتەكەی هیوای خواست پەیوەندییەكانی هەردوولا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی)، سوپاسی حكوومەت و گەلی بەریتانیایشی كرد بۆ یارمەتیدانی گەلی كورد لە پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق و، كوردستان زۆر بە باشی توانی سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت بۆ بووژانەوە و پێكەوەژیان.
سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراقیش (سەرۆك بارزانی) هێمای بەوەدا ئەوەی ڕووی داوە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حكوومەتی بەغدا بووە و توندڕۆ و تیرۆریستانیش ئیستیغلالی ئیدارەدان و مامەڵەی هەڵەی بەغدایان كرد و ئەم بارودۆخە مەترسیدارە هاتە كایەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەوەدا كە چارەسەری سەربازی بەهیچ شێوەیەك كۆتایی بە قەیرانەكان ناهێنێت و پێویستە سەرەتا چارەسەری سیاسیی هەبێت ئەوەیش لەژێر ڕۆشنایی ئەو واقیع و بارودۆخەی ئێستاكە لە عێراقدا هاتووەتە كایەوە. لەبارەی بەشداریی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە لە دەساڵی ڕابردوودا ڕەفتارێكی وا لە دەسەڵاتدارانی بەغدا نەبیندراوە كە جێگەی ئومێد بیت و ئەو ڕەوشەی ئێستا لە ئارادایە بەهیچ شێوەیەك كورد لێی بەرپرس نییە، بەڵكو هۆكاری سەرەكیی كێشەكان حكوومەتی بەغدا و سیاسەتە هەڵەكانی بووە.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە دەسەڵاتدارانی بەغدا سوودیان لە دەرفەتەكان وەرنەگرت ئەگەرچی دەرفەت و هەلی زۆریان لەبەردەست بوو. ئێستا بارودۆخێكی دیكە هاتووەتە ئاراوە و كورد ئامادە نییە باجی هەڵەی ئەوانی دی بدات و بۆشمان ڕوون بووەتەوە كە دەسەڵاتدارانی بەغدا نایانەوێ كار بە مەفهوومی شەراكەت بكەن.
شایانی باسە لە دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی (سەرۆك بارزانی) و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هەر لە نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری میدیای ناوخۆیی و بیانی پڕێسكۆنفڕانسێك بۆ (سەرۆك بارزانی) و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕێك خرا.




