چەند پەرلەمانتارێک دەست لە کار دەکێشنەوە... پەرلەمان پشووەکەی دەکات بە مانگێک
ھەولێر-KDP.info- بڕیارە یەکشەممەی داھاتووپەرلەمانی کوردستانی کۆببێتەوە و تێیدا پشووی ھاوینەی بۆ ماوەی یەک مانگ کەم بکاتەوە، هاوکات قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی چەند پەرلەمانتارێک و کۆمەڵێک پڕۆژەبڕیار دەخرێنە بەر باس.
راوێژکاری راگەیاندن لە پەرلەمانی کوردستان(تاریق جەوھەر سارمەمی) رایگەیاند، یەکشەمەی داھاتوو 29-6-2014 پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە، کە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (11)-یە لە خولی گرێدانی دووەم، لە ساڵی یەکەمی خولی ھەڵبژاردنی چوارەم.
گوتیشی، بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە کە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر دراوە، ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
یەکەم: سوێندخواردنی (شامۆ شێخۆ نەعمۆ) کە بە ژمارە (39)ی فراکسیۆنی زەرد ناوی ھاتووە لە جێگای ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی ھەمان فراکسیۆن (نووری حەمەعەلی) بەپێی ماددە (31) لە پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
دووەم: قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی (مەولوود باوەموراد) لە ئەندامەتیی پەرلەمانی کوردستان بەپێی ماددەکانی (33 و 35)ی پێرۆی ناوخۆی ژمارە (1)ی ھەموارکراوی ساڵی 1992ی پەرلەمانی کوردستان ـ عێراق.
سێیەم: قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی (دەرباز عەبدوڵلا رەسووڵ) لە ئەندامەتیی پەرلەمانی کوردستان بەپێی ماددەکانی (33 و 35)ی پێرۆی ناوخۆی پەرلەمان ژمارە (1)ی ھەموارکراوی ساڵی 1992ی پەرلەمانی کوردستان ـ عێراق.
چوارەم: درێژکردنەوەی خولی گرێدانی دووەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای ژمارەی یاسایی لە ئەندامانی پەرلەمان بۆ ماوەی مانگێک بەپێی ماددەی (7)ی پێرۆی ناوخۆی پەرلەمان ژمارە (1)ی ھەموارکراوی ساڵی 1992ی پەرلەمانی کوردستان ـ عیراق و، بڕگە (1)ی ماددەی (50) لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ـ عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی ھەموارکراو.
پێنچەم: گفتوگۆکردن لەسەر ڕاپۆرتی (لیژنەی کاروباری پێشمەرگە و شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی و، لیژنەی مافەکانی مرۆڤ و، لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ھونەر) سەبارەت بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
شەشەم: خستنەڕو و گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای ڕێکخستنی خۆپێشاندان لە ھەرێمی کوردستان ژمارە (11)ی ساڵی 2010 و، ڕاپۆرتی ھاوبەشی لیژنە پەیوەندیدارەکان، بەپێی ماددەکانی (72، 74، 77) لە پێرۆی ناوخۆی پەرلەمان ژمارە (1)ی ھەموارکراوی ساڵی 1992ی پەرلەمانی کوردستان ـ عێراق.
حەوتەم: خوێندنەوەی یەکەمی ئەم پڕۆژەبڕیار و یاسایانەی خوارەوە لەسەر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان بەپێی ماددەی (71) لە پێرەوی ناوخۆی پەرلەمان ژمارە (1)ی ھەموارکراوی ساڵی 1992ی پەرلەمانی کوردستان ـ عیراق:
1ـ پڕۆژەبڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (55)ی ساڵی 2004ی پەرلەمانی
کوردستان ـ عێراق.
2ـ پڕۆژەیاسای بیمەی تەندروستی (2 پڕۆژە).
3ـ پڕۆژەیاسای ئەنجومەن و دەزگای کاروباری دانوستان.
4ـ پڕۆژەیاسای چاودێریکردنی ناکامەکان ژمارە (78)ی ساڵی 1980ی ھەموارکراو.
5ـ پڕۆژەیاسای بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵانی بێ باوک.
6ـ پڕۆژەیاسای دەستەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی گوندەکانی کوردستان.
7ـ پڕۆژەیاسای ھەموارکردنی یاسای سندووقی کۆمەک بۆ توشبووانی شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان ژمارە (11)ی ساڵی 2012.
8ـ پڕۆژەیاسای بیمەی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستان.
9ـ پڕۆژەیاسای تایبەت بە کورتەباڵاکان لە ھەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم




