بە دەیان خێزانی چەکدارانی داعش ڕوویان لە قەرەتەپە کردووە

قەرەتەپە-تایبەت بەKDP.info- بە ھۆی تۆپبارانکردنی ناحیەی مەنسووری سەر بە پارێزگای دیالە، بە دەیان خێزان ئاوارەی قەرەتەپە بوون. لە جەلەولایش ناوبەناو ناوچەکە تۆپباران دەکرێت و بە هۆیەوە دوو هاوولاتی بریندار بوون.
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەرەتەپە، سەباح برایەتی، بەkdp.info-ی راگەیاند: "لە دوێنێوە فڕۆکەکانی عێراق چەکدارانی داعش لە ناحیەی مەنسووری سەر بە پارێزگای دیالە تۆپباران دەکەن، بەو ھۆیەشەوە بە دەیان خێزانی چەکداران، ئاوارەی قەرەتەپە بوون و تەنیا ژن ومنداڵ ھاتوون و چەکدارەکانیش لە شەڕدان."
سەباح برایەتی گوتیشی: "ژمارە ئەو خێزانانەی ئاوارە بوون، ژمارەیان زیاتر لە200 خێزانە و بەردەوام لە زیادبوونیشدان. بە ڕای من، ئەمانە مەترسیدارن و پێویستە رێگرییان لێ بکرێت."
لەلای خۆشیەوە، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە جەلەولا، کارمەران محەممەد، بۆ kdp.infoگوتی: هێشتا گەڕەکی تەجنید لە جەلەولا لە دەست چەکداراندایە و ناوبەناوش جەلەولا تۆپباران دەکەن و ئەمڕۆش بەھۆی تۆپبارانەوە، دوو ھاوڵاتی بریندار بوون.
گوتیشی، بێجگە لە تۆپبارانی ناوبەناو، لە ئێستادا شەڕ لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا نییە.
بڵند ئیبراھیم




