٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێزیدییەکان داوا لە ئەورووپا دەکەن بۆ گێڕانەوەی ناوچەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان هاوکاریان بن

سەرچاوە: KDP.info

برۆکسل-KDP.info-  هاونیشتمانیانی ئێزیدی لە ئەورووپا، یادداشتنامەکیان ئاراستەی یەکیەتیی ئەورووپا کردووە و تێیدا داوایان کردووە ناوچەکانیان بخرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان و داوایشیان لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەورووپا کرد، داواکارییەکانیان بگەیەنێتە ناوەندەکانی یەکیەتیی ئەورووپا.

 

پێنجشەممەیڕابردوو، شاندێکی فراوانی هاونیشتیمانیانی ئێزیدی کە لە نوێنەری 20 ڕێکخراو و ناوەندی ئێزیدی لە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەنەلوکس و سوید پێکهاتبوو، سەردانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان لە یەکیەتیی ئەورووپا لە شاری برۆکسێل کرد و لە لایەن نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکیەتیی ئەورووپا(دلاوەر ئاژگەیی) و ستافی نوێنەرایەتییەوە پێشوازییان لێ کرا.

ئامانج لە سەردانەکەی شاندە فراوانەکەی ئێزیدییەکان بریتی بوو لە پێشکەشکردنی چەند داوایەکی بەپەلە و گرینگ بۆ ناوەندەکانی دەسەڵاتی یەکیەتیی ئەورووپا و پەرلەمانی ئەورووپا و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان کە، گرینگترینیان داوای دەستبەجێ گەڕاندنەوەی ناوچەکانیان بوو بۆ سەرئیدارەی هەرێمی کوردستان.

 شاندەکە سوپاسی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد کە ماندوونەناسانە تەواوی ناوچەکانی هاونیشتیمانیانی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکەیشیان پاراستووە و نەیانهێشتووە دەستی چەپەڵی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان پێیان بگا. سەرباری ئەوەش شاندەکە ڕایگەیاند کە خەڵکی ئەو ناوچانە بە دەست کەموکورتیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن و داوایان لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کرد کە بڕیار بدات هەرچیی زووترە لە ڕووی ئیدارییەوە تەواوی ئەو ناوچانە بخرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان.

بە هەمان شێوە، شاندەکە یادداشتنامەکیان ئاراستەی دەسەڵاتی یەکیەتیی ئەورووپا کردووە و تێیدا داوایان کردووە ناوچەکانیان بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان و شاندەکە داوای کرد کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانیان بگەیەنێتە ناوەندەکانی یەکیەتیی ئەورووپا.

لە لای خۆشیەوە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتیمانییەی برایانی ئێزیدی، بەڵینی دا وەک نوێنەرایەتی داخوازییەکانیان بگەیەننە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و هاوکات ئەو پرسە و تەواوی داوا و خواستی هاونیشتیمانیانی ئێزیدی بە پەرلەمان و کۆمسیۆنی ئەورووپا بگەیەنن.

هەواڵی پەیوەندیدار