پابەندبوون بە ڕێككەوتننامەی هەولێر ـ ئانكارا بۆ ناردنەدەرەوەی نەوت دووپات كرایەوە

ئانكارا -kdp.info- دوای ئەوەی بە سەردانێكی فەرمی لەسەر داوەتی حكوومەتی توركیا گەیشتە ئانكارا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی حوزیرانی 2014، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی توركیا (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) لە ئانكارا كۆ بووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا ڕەوش و پێشهاتەكانی ئێستای عێراق و ئەو بارودۆخەی دوای كۆنتڕۆڵكردنی پارێزگای مووسڵ و ناوچەكانی دیكە لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆرستیی داعشەوە هاتووەتە ئاراوە، گفتوگۆی لەسەر كرا و هەردوولا نیگەرانیی خۆیان لە بەردەوامیی نائارامی و ناسەقامگیری لە ناوچەكە و زیادبوونی ڕێژەی ئاوارەبووانی ناوخۆی عێراق دەربڕی.
هەردوولایش دووپاتیان كردەوە بۆ چارەكردنی كێشەكانی عێراق دەبێ پرۆسەیەكی سیاسیی تازە هەبێت كە لەسەر بنەمای تەوافوق و هاوبەشیی ڕاستەقینە دابمەزرێت و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەكانی عێراق تێیدا بەشدار بن، هەروەها مافی بەڕێوەبردنی خۆجێیی بۆ ناوچەكان و سوودوەرگرتن لە سامان و دەوڵەمەندییەكان و بەكارهێنانیان لە بەرژوەندیی دانیشتووانی ناوچەكاندا مسۆگەر بكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا و بەردەوامیی هاوكاری و هەماهەنگی لە بواری وزەدا تاوتوو كرا و لایەنی توركی جەختیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرەوە و پابەندیی خۆیان بە ڕێككەوتنامەی درێژخایەنی هەولێر ـ ئانكارا بۆ ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و گەیاندنی بە بازاڕەكانی جیهان دووپات كردەوە، هەروەها هەموو ئامادەییەكیان نیشان دا بۆ ئەوەی لە پرسی چارەكردنی قەیرانی بەنزین و سووتەمەنیدا كە دوای پێشهاتەكانی دەی حوزەیران هاتووەتە ئاراوە، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.
لە دیدارەكەدا (نێچیرڤان بارزانی) سوپاسی (ئەردۆغان)ـی كرد بۆ ئەو نامەیەی بە بۆنەی دامەزراندنی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاراستەیان كردبوو، هەروەها پێزانینی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ حكوومەتی توركیا نیشان بۆ ئەو هاوكارییە مرۆییانەی لە ناوچەكانی تەلەعفەر و كەركووك پێشكەش بە ئاوارەكانیان كردووە.
لای خۆیەوە (ئەردۆغان) دووپاتی كردەوە كە حكوومەتەكەی بەرەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی بە ئاوارەكانی عێراق و لەم بارەیەوە لایەنە پەیوەندارە توركیاییەكان لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە مرۆییەكان بەردەوام دەبن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا (ئەردۆغان) ستاییشی هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ كۆنتڕۆڵكردن و پاراستن و دابینكردنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان. (نێچیرڤان بارزانی)ـیش دووپاتی كردەوە كە ئەولەوییەتی هەرێمی كوردستان پاراستن و دابینكردنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەیە كە ئێستا بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر لەگەڵ گرووپە چەكدارە توندڕۆكاندا هاوسنوورە. هەروەها ڕوونی كردەوە كە هەرێمی كوردستان شەش مانگ پێشتر هۆشداری و نیگەرانییەكانی خۆی لەبارەی ئەم دۆخەوە گەیاندووەتە حكوومەتی عێراق و ئەمەریكایش، بەڵام بە هەند وەرنەگیراون.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆیش شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) كە لە هەر یەكە لە جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (قوباد تاڵەبانی)، وەزیری سامانە سرووشتییەكان(ئاشتی هەورامی)، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (سەفین دزەیی) و پارێزگاری كەركووك د. (نەجمەددین كەریم) پێك هاتبوو، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا (ئەحمەد داوود ئۆغلو) و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەسەر پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەولێر و ئانكارا، كۆ بوونەوە.




