بەرپرسی لقی 16: هەق نییە لایەنەكان حكوومەتی خۆجێیی هەولێریان قبووڵ نەبێت

هەولێر -تایبەت بە KDP.info- بەرپرسی لقی شازدەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر دەڵێت، دەرفەت بۆ بەشداریی لایەنەكانی تر لە حكوومەتی خۆجێیی هەولێر و دهۆكیش هێشتراوەتەوە و ئەگەر لایەنەكانیش ئۆپۆزسیۆن بن ئاساییە. دەشڵێت: "هەق نییە لایەنەكان بڵێن حكوومەتی خۆجێی هەولێرمان قبووڵ نییە یان ناشەرعییە".
بەرپرسی لقی شازدەی دەوروبەری هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان (د. ئاراس حەسۆ میرخان)، بە kdp.infoـی راگەیاند: "ئێمە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگا لە سلێمانی دەكەین كە ئاخۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بە رێككەوتن یانیش بە زۆرینە دەبێت كە ئەوە هێشتا یەكلا نەبووەتەوە كە ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا بەشدار دەبێت، ئەگەر یەكێتی و گۆڕان ڕێككەوتنیان كرد و لایەنەكانی تریان بەشداری پێ كرد بۆ ئەوەی بەیەكەوە حكوومەتی خۆجێیی دابمەزرێنن، ئەو وەختە ئێمەیش دەتوانین پۆستیان پێ بدەین".
(د. ئاراس) هەروەها گوتی: "بەڵام ئەگەر لە ڕووی یاسایی و ژمارەوە ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردن پێویستیان بە پارتی و لایەنەكانی تر نەبوو و بەشدارییان پێ كردن، ئەو وەختە ئێمەیش لە حكوومەتی خۆجێییدا بەشدارییان پێ دەكەین، لێ ئەگەر لەسەر بنەمای پێویستی و رێككەوتن بوو، ئەوەیان شتێكی ترە، یان ئەگەر زۆرینە پێڕۆ بكەن و بەشداری بە لایەنەكان نەكرێت، ئەوا ئێمەیش بە زۆرینە حكوومەتی خۆجێیی هەولێر و دهۆكمان پێك هێناوە".
ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە وەكو پارتی بڕوامان وایە، حكوومەتی بنكەفراوان وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان نییە و بڕیاریش نییە ئەم حكوومەتی بنكەفراوانە تا خوارەوە بچێت بە خزمەتگوزاری و شارەوانییەوە و بەڕێوەبەری ناحیەیش هەر بە ڕێككەوتنی سیاسیی بێت".
بەرپرسی لقی شازدەی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروەها ئاماژەی دا: "ئێمە بە پێویستمان زانی ئەم بۆشاییە یاساییە پڕ بكرێتەوە و پڕیشمان كردووەتەوە كە بەپێی یاسا دەبێت پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرەكەی هەڵبژێردرێن، ئێمەیش ئەوەمان كرد، دەرفەتمان هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر لە داهاتوودا ئیتفاقی سیاسی بكرێت، دەشێ لایەنەكانی تریش بەشدار بن هەم لە دهۆك و هەمیش لە هەولێر
ئەگەریش گۆڕان یان یەكێتی زۆرینەیان پێك هێنا، ئەوا ئێمەیش بە زۆرینە پێكمان هێناوە، بەڵام ئەگەر گۆڕان و یەكێتی ئیتیفاقیان كرد، ئەوا دەتوانن حكوومەتی خۆجێیی سلێمانی پێك بهێنن، ئەگەر پاش ئیتفاقییەكەیش پارتییان بەشداری پێ كرد، ئەو وەختە ئێمەیش ئەوان بەشداری پێ دەكەین ئەگەریش لە رووی پێویستییەوە نەبوو، ئەوەیان شتێكی ترە و هاوكێشەكە دەگۆڕێت".
گوتیشی: "ئەو لێدوانانەی كە لەبارەی هەڵبژاردنی حكوومەتی خۆجێیی هەولێرەوە دراون، زیاتر برادەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داویانە، بەڵام لایەنەكانی تر هەق نییە باسی ئەوە بكەن كە ئەوەیان بەلاوە قبووڵ نییە یان شەرعی نییە، پارتی دیموكراتی كوردستان رێكاری یاسایی گرتووەتە بەر و حكوومەتێكمان پێك هێناوە، بەڵام چاوەڕوانی ئیتفاقاتیش دەبین".
(د. ئاراس حەسۆ میرخان)، ئەوەیشی خستە ڕوو كە ئەگەر لایەنەكان ئۆپۆزسیۆنیش بن، ئاساییە و دەتوانن چاودێریی پڕۆژەكان بكەن و هاوكار بن، لە هەموو دنیایشدا ئۆپۆزسیۆن چاودێری دەكات و هاوكاری حكوومەتیش دەبێت بۆ ئەوەی پڕۆژەكان باشتر بەڕێوە بچن.




