٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ناوخۆ: بە هەموو توانایەكەوە بەرگری لە دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكان دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.INFO- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بە هۆی ئەو بۆشایییە ئیداری و ئەمنییەی لە سنوورەكانی شنگال و مەخموور و كەركووك و خانەقین دروست ببوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگەی لەو ناوچانەدا جێگیر كرد و ئەوەی پێویستیش بێت لە پێناو دابینكردنی ئەمن و ئاساییش بۆ هاووڵاتیان و بەرگریكردن لەو شوێنانەی كە بە ناوچەی كوردستانی ناسراون، دەیكات.

 بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دكتۆر (تاریق گەردی)، سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆKDP.INFOگوتی: "دوای دروستبوونی ئەو بۆشاییە ئیداری و ئەمنییەی لە سنوورەكانی شنگال و مەخموور و كەركووك و خانەقین دروست بوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بە خاوەنی ئەو خاك و هاووڵاتیانە دەزانێت، بۆیە ئەوەی پێویست بێت دەیكات لە دابینكردنی ئەمن و ئاساییش بۆ هاووڵاتیان و بەرگریكردن لەو شوێنانەی كە بە ناوچەی كوردستانی ناسراون".

بە گوتەی (تاریق گەردی)، دەبووایە لە 2007ـەوە و بەپێی ماددەی 140 لە دەستووری پەسندكراوی عێراق، ئەو بابەتە یەكلا بكرابایەوە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن حكوومەتەكانی عێراقەوە كەمتەرخەمی و دەستیدەستی پێ كراوە بۆ ئەوەی دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی نەبێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها دەڵێت: "ئێستا سنوورەكان لە دەستی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاساییشی ناوخۆدان و ئێمەیش بە هەموو توانایەكەوە بەرگری لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەكەین و بە خاكی هەرێمی كوردستانیان دەزانین، بڕیاری سیاسیی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان و بەرنامەی كاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆیش هەر لەم چوارچێوەیەدا دەبێت كە ئێمە بەرگری لەم سنوورانە و لە خەڵكەكەیشی دەكەین و پاراستنی سەروماڵیان بە ئەركی خۆمان دەزانین و ئەمن و ئاساییشیان دەپارێزین".

گەردی دەڵێت: "ئەو سنوورانەی كە پێشمەرگەی كوردستانی لێیە، ئەمنییەتیان بە تەواوی پارێزراوە و خەڵكەكەی ستاییشی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاساییشی ناوخۆ دەكەن كە ئاساییشیان بۆ گەڕاوەتەوە و وەكو پێشتر نییە كە خەڵك لە گیان و ماڵَی خۆی دڵنیا نەبوون و كردەوەی تیرۆریستی بە بەردەوامی هەڕەشە بوو، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە ئەو شتانە كۆتاییان هاتووە".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ ڕوونیشی دەكاتەوە: "ئەو ناوچانە لە رووی ئیدارییەوە رێك خراون و پارێزگای كەركووكیش ئەنجوومەنی پارێزگای هەیە، تاكو ئێستایش پەیوەندی و هاوكارییەكانی ئێمە بریتی بووە لە دابینكردنی ئەمن و ئاساییش لە رێگەی ئەو هێزانەی لەو ناوچانەدا هەن بە تایبەتی هێزی پێشمەرگە كە پەیوەستن بە وەزارەتی پێشمەرگەوە و ئەو ناوچانە دەپارێزن، ئەوەی پێویستیش بێت ئێمە وەكو وەزارەتی ناوخۆ بۆیانمان كردووە و لە دابینكردنی پێداویستییە لۆجستییەكانیش بەردەوام دەبین".    

هەواڵی پەیوەندیدار