فەلاح مستەفا: هیچ ئومێدێك نییە بەو پەلەپەلییە پرۆسەی سیاسی بچێتە پێش

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت کە، هیچ ئومێدێك نییە بەو پەلەپەلییە پرۆسەی سیاسی بچێتە پێش، چونک وەک ەفلاح مستەفا دەڵێت، سەرکردەکانی عێراق لە دۆخێكی بێمتمانەیی و بێبڕواییدا دەژین، تەنیا ئومێدیش كە بۆ سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی هەیە، هەرێمی كوردستانە. جەختیشی کردەوە کە، شەقامی كوردستانی ئامادە نییە جارێكی تر خۆی بكاتەوە قوربانی بۆ بەهێزكردنی خەڵكی تر لە بەغدا.
، بە ڕەچاوكردنی ئەو واقیعە تازەیەی هاتووەتە كایەوە، بەشداریی كورد لە حكوومەتی عێراقدا مەرجدارە، بەوەی كە دوای ئەم هەموو قوربانی و ئەنفال و كیمیابارانە، جارێكی تر هەرێم ناكەوێتەوە ژێر ڕكێفی بەغداوە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "ئەو قەیرانەی دووچاری عێراق بووەتەوە، ئەگەر عێراقییەكان خۆیان نەتوانن چارەی بكەن، لە دەرەوە چارە ناكرێت، بۆیە بەرپرسیارەتیی عێراقییەكان خۆیانە ئەو بارودۆخە هەڵبسەنگێنن و بزانن بۆچی ئەو دەرئەنجامەی لێ كەوەتەوە و دەرهاویشتەكانی چین، هەمووانیش ئاگادارن و بە تایبەتیش جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەموو لایەكی ئاگادار كردەوە لەوەی كە ئەو پرۆسەیە بە ئاڕاستەیەكی هەڵەدا دەڕوات."
فەلاح مستەفا ئەوەیشی خستە ڕوو كە "لەبیرمانە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی 2012ـدا پەیامێكی ئاڕاستەی هەموو گەلانی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە ئاڕاستەیەكی تەمومژاویدا دەڕوات و ئەگەر رانەگیرێت و چارە نەكرێت، ئاكامی خراپتری لێ دەكەوێتەوە. ئاشكرایشە كە ئەو قەیرانە، قەیرانێكی سیاسییە پاشان كێشەی تایفەگەری و شەڕی گرووپە تیرۆرستییەكانی داعش و ئەوانی دیكەیشی بۆ زیاد بووە، بۆیە گرینگە ئەو پرسانە یەكلا بكرێنەوە."
گوتیشی: "بەبێ بوونی پێشكەوتن لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا و هەروەها تێگەیشتن و رێككەوتن بە تایبەت لە نێوان پێكهاتەی شیعە و سوننەدا، پێشبینیی ئەوە ناكرێ ئەم بارودۆخە باشتر بكرێت، چونكە بەو ئامرازانەی كە هەن و ئەو حكوومەتەی كە ئێستا لە بەغدا هەیە، ئەو كێشەیە چارە ناكرێت".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رۆڵی ئەمەریكایش بە سنووردار ناو دەبات ئەگەر لایەنە عێراقییەكان نەتوانن پێشكەوتنێكی بەرچاو لە رووی سیاسییەوە بە دی بهێنن و دەڵێت: "پێكهاتەی سوننە كە پێكهاتەیەكی سەرەكییە لە عێراقدا، ئەگەر هەست نەكەن بەشێكن لەو پرۆسەیە و دەتوانن بە مافەكانی خۆیان بگەن لەناو ئەو پێكهاتەیەدا، ناكرێت پێشبینیی پێشكەوتن بكرێت، بۆیە ئەمەریكا دەتوانێت پشتیوانی بكات، بەڵام پشتیوانیی ئەمەریكایش مەرجدارە".
دەشڵێت: "ئەم واقیعەی ئەمڕۆ هاتووەتە پێشەوە، پێویستی بە هەندێ كاری جیددی هەیە، ئەگەر لایەنە سیاسییەكان بیانەوێت بە شێوەیەكی راست و دروست و بەپێی بنەماكانی دەستوور و بەپێی ئەم واقیعەی ئەمڕۆ هاتووەتە پێش، ڕەفتار بكەن، بەڵام رێككەوتن و تێگەیشتنی تەواو لە نێوان شیعە و سوننەدا هەبێت كە كێ پێشنیازی شیعەیە بۆ سەرۆكوەزیران و كێیش پێشنیازە بۆ سەرۆكی پەرلەمان، ئەو كاتە كوردیش ئامادەیە بەشدار بێت، بەڵام بەرچاوڕوونییەكی تەواو هەبێت و واقیعی تازەی عێراق لە بەرچاو بگیرێت، ناكرێت ئێمەیش باس لە رۆڵی راوێژكارە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە یارمەتیدانی عێراقییەكان نەكەین، بەڵام هەرچەندە بە هۆی هێرشی ئاسمانییەوە ئەمەریكا هەندێك شت بپێكێت، كێشەكە بەوە چارە ناكرێت و دەبێت واقیعبین بین".
بە گوتەی فەلاح مستەفا، هەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر ئاشكرایە و بەشداریی كورد مەرجدارە بە ڕەچاوكردنی ئەو واقیعە تازەیەی هاتووەتە كایەوە و، مەرجدارە بەوەی كە دوای ئەم هەموو قوربانی و ئەنفال و كیمیابارانە جارێكی تر ئێمە ناكەوینەوە ژێر ركێفی بەغدا. هەرێمی كوردستان داوای مافی زیاتر و دەسەڵاتی زیاتر و سەروەریی زیاتر دەكات، بۆیە بەشداریی كورد مەرجدارە و جارێیش هیچ ئومێدێك نییە بەو پەلەپەلییە پرۆسەی سیاسی بچێتە پێش، لەبەر ئەوەی لە دۆخێكی بێمتمانەیی و بێبڕواییدا دەژین، تەنیا ئومێدیش كە بۆ سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی هەیە، هەرێمی كوردستانە و ئەمڕۆیش شەقامی كوردستانی ئامادە نییە جارێكی تر خۆی بكاتەوە قوربانی بۆ بەهێزكردنی خەڵكی تر لە بەغدا.
گوتیشی كە ئەگەر هەرێمی سوننە و بەشداریی كارای سوننە قبووڵ بكرابایە، عێراق بەو رۆژەی ئەمڕۆی نەدەگەیشت، بۆیە ئەوەی كە باس كراوە سێ هەرێمی كوردی و سوننە و شیعی لە عێراقدا راستییەك بوو كە تاكە ئومێد بوو بۆ پێكەوەژیانێكی ئاشتیانە، بەڵام زۆر درەنگە و رەنگە ئێستا ئەوەیش ئاسان نەبێت.




