(نێچیرڤان بارزانی): پێشبینیی ژمارەیەكی زۆرتری پەنابەران دەكەین.. بە هۆی دۆخی سووریا و عێراقەوەیە

هەولێر -KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی كە بە هۆی بەردەوامیی ڕووداوەكان لە سووریا و عێراق، هەرێمی كوردستان پێشبینیی ژمارەیەكی زۆرتری پەنابەران دەكات. جەختیشی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی تواناكان یارمەتیی پێشكەش كردوون، بەڵام بەپرسیارەتیی سەرەكی لەم پرسەدا دەكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر، پێشوازیی لە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ڕێكخراوی پرۆگرامی جیهانیی خۆراك WFPخاتوو (ئێرتارین كۆوزن) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا ڕەوشی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان و ئەو ئاوارانەی لە ئەنجامی ڕووداوەكانی ناوخۆی عێراقەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، تاوتوو كرا و خاتوو كۆوزن سوپاسی WFPـی گەیاندە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو هاوكاری و یارمەتیانەی پێشكەش بە پەنابەران و ئاوارەكانیان كردووە و، پێویستیی هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنە پەیوەندارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكانی بۆ یارمەتیدانیان دووپات كردەوە و، ئاماژەی دا كە بەردەوامیی ڕووداوەكان و زیادبوونی ژمارەی پەنابەران و ئاوارەكان، مایەی نیگەرانییە و دەبێ هەموو لایەنەكان لە هاوكاری و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیران جەختی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی تواناكان لە هەموو ڕوویەكەوە هەموو هاوكاری و یارمەتییەكی پێشكەش كردوون، بەڵام بەپرسیارەتیی سەرەكی لەم پرسەدا دەكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆیە دەبێ ئەوانیش ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و ئاوڕی جیددی لە پەنابەران و ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق بدەنەوە.
هەروەها نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی كە بە هۆی بەردەوامیی ڕووداوەكان لە سووریا و عێراق، هەرێمی كوردستان پێشبینیی ژمارەیەكی زۆرتری پەنابەران دەكات.
سەرۆكوەزیران داوایشی كرد حكوومەتی عێراق میكانیزمێك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مووچەی ئەو ئاوارە فەرمانبەرە حكوومییانەی عیراق بدات كە لە ئەنجامی ڕووداوەكانی پێشتری پارێزگای ئەنبار و ڕووداوەكانی ئەم دواییەی پارێزگای مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، هەروەها سیستەمی دابەشكردنی خۆراكی مانگانەیان بە جۆرێك ڕێك بخاتەوە كە بتوانن لە كەمپەكاندا وەكوو هەر هاووڵاتییەكی دیكەی عێراقی بەشەخۆراكی مانگانەیان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك وەربگرن.




