٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێران دەستی بە تۆپبارانكردنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە

سەرچاوە: KDP.info

سیدەكان -تایبەت بە KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان دەڵێت، ئەمڕۆ تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە سیدەكان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی پێ كردەوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.

بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان نەشوان سەعید، بە kdp.infoـی راگەیاند، ئەمڕۆ لە ناوچەی سەقەری سەر بە شارەدێی سیدەكان كە دەوێتە سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان - ئێران، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی هەبوونی پەكەكە، ئەو ناوچەیە تۆپباران دەكات.

نەشوان سەعید گوتیشی، ئەو ناوچەیە هیچ گوندێكی لێ نییە، بەڵام رەوەندەكان لەوێ نیشتەجێن و ساڵانە بۆ بەخێوكردنی مەڕوماڵات دێنە ئەو شوێنە، بەڵام بە هۆی ئەو تۆپبارانەوە شوێنەكانیان جێ هێشتووە و چوونەتە شوێنی دیكە.

سەعید زیاتر گوتی، تا كەمێك پێش ئێستایش تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوام بوو.

ئەمساڵ بۆ جاری سێیەمە تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كوێستانە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە دەڤەری سیدەكان تۆپباران دەكەن. بە گوێرەی زانیارییەكان، وێڕای تۆپبارانی ئەو كوێستانانە، شەڕ و پێكدادان لە نێوان پژاك و سوپای پازدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا رووی داوە كە بۆ ماوەی سێ رۆژە لە دۆڵ و چیاكانی سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران شەڕ و پێكدادانەكە لە نێوانیاندا سەختە و لە هەردوولایش كوژراو و بریندار هەیە و تا ئێستایش شەڕ بەردەوامە.

بڵند ئیبراهیم – مەهدی داوود

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار